رووداو - دیجیتاڵ
کەرتی گەشتیاری لە شاری وانی باکووری کوردستان رووبەڕووی سستییەکی بێوێنە بووەتەوە. بەپێی ئامارە نوێیەکان،
بەهۆی سێبەری شەڕ لە ناوچەکە و خراپیی دۆخی ئابووریی ئێران، ژمارەی گەشتیارانی ئەو وڵاتە بۆ وان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
پەیامنێری رووداو دڵنیا رەحمان دەڵێ: ''دوو ساڵ پێش پیاسەیەکەم بە نێو شەقامە قەرەباڵخەکانی وان کردبوو ئەوکات ئەوێ شوێنی کۆبوونەوەی گەشتیاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بوو جممەی دەهات لە گەشتیار
بەڵام ئێستا بە دەگمەن گەشتیار دەبینرێت. کاسبکاران و گەشتیاران هۆکاری ئەم پاشەکشەیە بۆ بێکاری، بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی و ناسەقامگیریی سیاسی دەگەڕێننەوە.
بەهمەن ئیبراهیمی، کە هاووڵاتییەکی خەڵکی سەلماسە و بۆ کارکردن رووی لە وان کردووە، دەڵێت: "لە ئێران بێکاری زۆر بووە. داهاتی مانگانە لە نێوان 15 بۆ 20 ملیۆن تمەنە،
بەڵام بۆ بژێوی خێزانێک پێویستمان بە 40 بۆ 50 ملیۆنە. من وەستای کاشیم و ناچار بووم بۆ پەیداکردنی بژێوی وڵاتی خۆم جێبهێڵم."
کاریگەریی ئەم دۆخە تەنیا لەسەر کەمیی گەشتیار نییە، بەڵکو سیمای کارکردنیشی گۆڕیوە. موحسین کەرەمی، کە پێشتر لە ئیلام رێستۆرانتی هەبووە، ئێستا لە وان بلیت بە گەشتیاران دەفرۆشێت و دەڵێت:
"هاوینی پار رۆژانە 5 بۆ 10 هەزار گەشتیاری ئێرانی دەهاتنە وان، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ 200 تا 300 کەس کەمبووەتەوە، ئەوەش تەنیا لە رۆژانی پشوودا."
هەندێک لە گەشتیاران بۆ دوورکەوتنەوە لە کەشی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران، هێشتا وان وەک پەناگەیەک دەبینن. ئیراندۆخت عەقیدی،
گەشتیارێکی خەڵکی ئەسفەهانە و دەڵێت: "بۆ پشوو و دووربوون لە گێژاویی شەڕ هاتووینەتە وان، چونکە سنوورەکە نزیکە و سروشتێکی جوانی هەیە."
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتیاریی وان، دابەزینەکە بەم شێوەیەیە:
ساڵی 2024: یەک ملیۆن و 500 هەزار گەشتیاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی
ساڵی 2025: دابەزیوە بۆ 900 هەزار گەشتیار
شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ: تەنیا 180 هەزار گەشتیار سەردانی وانیان کردووە.
ئەم دابەزینە خێرایە زەنگێکی مەترسییە بۆ ئابووریی شاری وان، کە بەشێکی زۆری داهاتەکەی پشت بە گەشتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبەستێت

.jpg&w=3840&q=75)