رووداو دیجیتاڵ
پشکەکانی کۆمپانیای سپەیس ئێکس بۆ یەکەمجار چوونە نێو بازاڕی بۆرسەی ئەمریکاوە، ئەمەش بووە گەورەترین پرۆسەی خستنەڕووی پشک لە مێژوودا. وەبەرهێنەران 75 ملیار دۆلاریان خستە نێو کۆمپانیاکەوە، چونکە بڕوایان بە خەونە گەورەکانی ئیلۆن مەسکە لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان، پەیوەندییەکان و ژیریی دەستکرد. ئەمەش وایکرد بەهای کۆمپانیاکە بگاتە 1.77 تریلیۆن دۆلار.
ئەم هەنگاوە مێژووییە وایکرد، ئیلۆن مەسک ببێتە یەکەمین تریلیۆنێر لە جیهان؛ هەروەها کۆمپانیای سپەیس ئێکسیش بووە یەکێک لە گرانبەهاترین کۆمپانیاکانی جیهان. ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی رابردوو کۆمپانیاکە نزیکەی 5 ملیار دۆلار زیانی کردبوو، داهاتەکەیشی زۆر کەمتر بوو بەراورد بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دیکەی تەکنەلۆجیا.
سەرکەوتنی ئەم پشکانە تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەو شتەی کە ناونراوە "کاریگەریی مەسک"، کە پێشتریش هەر ئەم کاریگەرییە هۆکار بوو بۆ ئەوەی بەهای کۆمپانیای تێسلا بگاتە سەرووی تریلیۆنێک دۆلار.
هەروەها چاودێران بە وردی سەیردەکەن بزانن خەڵک تاچەند ویستی کڕینی ئەم پشکانەیان هەیە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک پێش ئەوەی پشکی کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی ژیریی دەستکرد، وەک کۆمپانیاکانی ئەنترۆپیک و ئۆپن ئەی ئای بخرێنە بازاڕەوە.
لەبەر ئەوەی سپەیس ئێکس وەک نموونەیەکی گەورە و نوێ بۆ فرۆشتنی پشک سەیر دەکرێ، بازرگانەکانیش چاودێری دەکەن بزانن ئایا پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی پشکەکانی بێ کێشە بەڕێوەدەچێت یان نا.
ئێستا بازاڕەکانی بۆرسە و بەڕێوەبەرانی فرۆشتنی پشکەکان لەژێر گوشارێکی زۆردان بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە دەتوانن کۆنترۆڵی ئەو داواکارییە زۆرە بکەن، هەروەها دەیانەوێ دووربن لەو کێشە تەکنیکییانەی کە ساڵی 2012 لە کاتی خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیای مێتا روویاندا.
کۆمپانیای سپەیس ئێکس نرخی هەر پشکێکی بە 13 دۆلار دیاریکرد و سەرەتا زیاتر لە 555 ملیۆن پشکی فرۆشت.
ئەم فرۆشتنە پێوانەییەی پشکەکان، بەرهەمی خەون و هەوڵەکانی ئیلۆن مەسکە لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆجیادا، کە وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاسایی و وەبەرهێنەران روو لە کڕینی پشکەکان بکەن.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)