رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت زیاتر لە 2 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات ئێران و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی کردەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 33 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 95 دۆلار و 42 سەنت. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 دۆلار و 10 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 92 دۆلار و 64 سەنت.
ئەم بەرزبوونەوەیە زۆربەی ئەو زیانانەی قەرەبوو کردەوە کە رۆژی هەینی تۆمارکرابوون، کاتێک نرخەکان دابەزین بەهۆی زیادبوونی هیواکان بۆ هێوربوونەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران.
هێرشە نوێیەکان ئاستەنگی نوێ دروستدەکەن لەبەردەم رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران و دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە رێڕۆیەکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی جیهانی. ئێران ئاگربەستی لەگەڵ لوبنان کردووەتە مەرجێک بۆ رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ واشنتن.
ئێران لە تۆڵەی هێرشەکانی سەر بەیرووت و حیزبوڵای هاوپەیمانی، مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بە بنیامین نەتەنیاهووی گوتووە، تۆڵە لە ئێران نەکاتەوە.
ئیسرائیل لە مانگی ئاداردا هێرشی کردە سەر لوبنان دوای ئەوەی حیزبوڵڵا رۆکێت و درۆنی ئاراستەی سەر سنوورەکان کرد. رۆژی 3ی حوزەیران، لوبنان و ئیسرائیل رایانگەیاند، دوای دانوستانەکانی واشنتن لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون.
هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی گرژییەکان، رۆژی یەکشەممە گرووپی ئۆپێک پڵەس لەسەر چوارەمین زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی چوار مانگدا رێککەوتن، بەڵام شارەزایان دەڵێن، ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی کەمی دەبێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەندامانی ئۆپێک پڵەس ناتوانن ئامانجەکانی بەرهەمهێنانیان بەدیبهێنن بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز.
.jpg&w=3840&q=75)


