رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ ئامادەکردنی یاسای بودجە و چاکسازییە ئابوورییەکان راوێژ بە بانکی جیهانی دەکات. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو جیاواز دەبێ.
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق جیاواز دەبێ، لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە داراییەی ئێستا هەیە. بۆیە وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵ دەدات سوود لە ئەزموونی و لێهاتوویی بانکی جیهانی وەربگرێ و راوێژی پێ بکات".
رۆژی 7ی حوزەیرانی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ شاندێکی بانکی جیهانی کۆبووەوە بە سەرۆکایەتیی جان کریستۆف کارێ، بەڕێوەبەری هەرێمی و ئیمانوێل سالیناس، نوێنەری تایبەتی نێردەکە لە عێراق.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی جیهانی کرا بۆ پێشکێشکردنی پاڵپشتیی تەکنیکی و راوێژکاری بە مەبەستی ئامادەکردنی بودجەی گشتیی داهاتوو، بە جۆرێک کە کارایی پلاندانانی دارایی بەرز بکاتەوە، کاری پێشینەی خەرجی رەچاو بکات و سەقامگیریی دارایی بپارێزێ.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند: "وەزارەتی دارایی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی چاکسازییە داراییەکان کە بنەماکەی پەرەپێدانی کارگێڕیی دارایی، زیادکردنی داهاتی نانەوتی و نوێکردنەوەی سیستمەکانی بانک، باج و گومرگە، ئەمانەش هەموویان لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدان."
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بە بایەخی سوودوەرگرتن لە شارەزاییە نێودەوڵەتییەکانی بانکی جیهانی کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی بنیادنانی توانای دامەزراوەیی، داڕشتنی سیاسەتی دارایی، پاڵپشتیی پڕۆژە گەشەپێدەرەکان و هاندانی وەبەرهێنان.
سەبارەت بە یاسای بودجەی ئەم ساڵ 2026، دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: "بە ئەگەرێکی زۆر ئەم ساڵ عێراق یاسای بودجە نابێ. ئێستا لە مانگی شەش داین، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت پرۆژەیاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە."
.png&w=3840&q=75)


