رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەکانی 9 هەفتەی رابردووی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا رۆژی هەینی کۆتاییان پێهات، دوای ئەوەی بەهای پشکی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیا گەورەترین دابەزینی خۆیان لە دوای مانگی 4 ـی ساڵی 2025 وە بەخۆوە بینی.
ئەم دابەزینە گەورەیە لەدوای بڵاوبوونەوەی ئاماری بازاڕی کاری ئەمریکا هات کە ئاشكرای کرد زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانییەکان، ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار لە مانگی رابردوودا درووستبووە.
داڕمانی بازاڕەکانی ئەمریکا بەزۆری بەهۆی دابەزینی بەهای پشکی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری چیپی ئەلێکترۆنییە بوو.
بەهای پشکی ئەو کۆمپانیانە بە تەنیا لە رۆژی هەینی 1.36 تریلیۆن دۆلار دابەزی کە گەورەترین دابەزینی رۆژانەی ئەو جۆرە کۆمپانیانەیە لە 2020 بەدواوە.
رۆژی هەینی پێنوێنی ناسداک 1124 خاڵ یان 4.18٪ـی بەهای خۆی لەدەستدا.
پێنوێنی ئێس ئەند پی پێنسەدی بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا بەڕێژەی 2.64٪ و پێنوێنی داوجۆنز بەڕیژەی 1.35٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
رایان دێتریک، گەورە شرۆڤەکاری گرووپی (کارسۆن) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "دوای ئەو بەرزبوونەوە پێوانەییەی کە لە 9 هەفتەی رابردوودا لە پشکەکاندا بینیمان، بەتایبەت بەرزبوونەوەی بەهای پشکی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و چیپە ئەلێکترۆنییەکان، رۆژی هەینی بەربەستەکە شکا."
رایان دێتریک دەڵێت، "ئاشکرایە ڕاپۆرتی هەلی کار کە بەهێزتر بوو لە چاوەڕوانییەکان، بانکی ناوەندی دەخاتە دۆخێکی قورسەوە سەبارەت بە هەر کەمکردنەوەیەکی رێژەی سوود لەم چەند مانگەی کە لەم ساڵدا ماوە. بازاڕیش بە کاردانەوەیەکی تووند سزای ئەو کۆمپانیانەی دا کە لەم ساڵدا براوەی سەرەکی بوون."



