رووداو دیجیتاڵ
لە دوای جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە شوباتی ئەم ساڵ، بەهۆى هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هەندێک لە کێڵگەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان، بەرهەمهێنان لە زۆربەیان راگیراوە، ئەوەش وایکردووە هەناردەى رۆژانەى نەوت لە 230 هەزار بەرمیلەوە بۆ نزیکەى 20 هەزار بەرمیل کەم ببێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو پشتڕاستی کردوونەتەوە، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان بەمشێوەیەن. ئەو بڕەی بەرهەم دەهێندرێت، هەمووی هەناردە ناکرێت و بۆ پێداویستیی ناوخۆ سوودی لێ وەردەگیرێت.
- کێڵگەى (تاوکێ) لە سنوورى پارێزگاى دهۆک کە لەلایەن کۆمپانیاى دى ئێن ئۆى نەرویجى وەبەرهێنانى تێدا دەکرێت، بەر لە جەنگ بەرهەمى رۆژانەى 78 هەزرا بەرمیل نەوت بووە و ئێستا سفرە.
- بەرهەمى کێڵگەى (سەرسنگ) لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، بەر لە جەنگ 29 هەزار بەرمیل بوو، ئێستا سفرە.
- بەرهەمى کێڵگەى (ئەترووش) لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بەر لە جەنگ 35 هەزار بەرمیل بووە و ئێستا سفرە.
- کێڵگەى (شێخان) لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بەر لە جەنگ 42 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمى هەبووە و ئێستا سفرە.
- کێڵگەى (تەقتەق) لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بەر لە جەنگ بەرهەمى رۆژانەى سێ هەزار بەرمیل بووە و ئێستا بەرهەمەکەى دوو هەزار بەرمیلە.
- بەرهەمى رۆژانەی کێڵگەی (سەرقەڵا) لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەر لە جەنگ هەشت هەزار بەرمیل بووە، دواى جەنگ بۆ شەش هەزار بەرمیل کەم بووەتەوە.
- بەر لە جەنگ بەرهەمى رۆژانەى کێڵگەی (خورمەڵە) 90 هەزار بەمیل بووە و ئێستا 65 هەزار بەرمیلە.
- کێڵگەى (هەولێر) بەر لە جەنگ بەرهەمى رۆژانەى نۆ هەزار بەرمیل بووە ئێستا چوار هەزار بەرمیلە.
- بەرهەمى کێڵگەی (عەین سفنێ) لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بەر لە جەنگ شەش هەزار بەرمیل بووە و ئێستا هەر هەمان بڕە.
- کێڵگەى (بجیل) لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بەر لە جەنگ چوار هەزار بەرمیل بووە و ئێستا هەمان بڕە.
- بەرهەمى نەوتى جۆرى (کۆندینسەێت) لە کێڵگەى (کۆرمۆر) لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەر لە جەنگ 20 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام ئێستا بەرهەمى ئەو جۆرە وزەیەى سفرە.



