Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

پارەی تمەنی ئێرانی، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارەی تمەنی ئێرانی، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

ئابووری31-05-2026

پارە سڕکراوەکەی ئێران چەندە؟

0:00
0:00
قەبارەی دەق
رووداو دیجیتاڵ

بڵاوکراوەتەوە لەلایەن

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی بڵاوکردنەوە

31-05-2026

بابەتی پەیوەندیدار

بەراورد بە پێش جەنگ، نرخی گازی شل لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە
ئابووری31-05-2026

بەراورد بە پێش جەنگ، نرخی گازی شل لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە

مووچەی گرێبەستەکان لە هەرێمی کوردستان دوادەکەوێ
ئابووری31-05-2026

مووچەی گرێبەستەکان لە هەرێمی کوردستان دوادەکەوێ

دروێنەی گەنم دەستیپێکردووە؛ کەی سایلۆکان گەنم وەردەگرن؟
ئابووری31-05-2026

دروێنەی گەنم دەستیپێکردووە؛ کەی سایلۆکان گەنم وەردەگرن؟

دێسکی ئابووری

لە کاتێکدا ئێران و ئەمریکا هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، بەرپرسانی ئێران دەڵێن دڵنیاییان وەرگرتووە بۆ ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانیان.

حوسێن قوربانزادە، یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئێران بووە کە سەردانی قەتەریان کرد بۆ ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران. ئەو دەڵێت، سەردانمان بۆ قەتەر کەمتر لە 24 کاژێری خایاند، بەڵام دانوستاندنــەکان نزیکەی 11 کاژێریان خایاند.

ئەو بەرپرسە دەڵێت: "لەگەڵ دکتۆر قاڵیباف و دکتۆر عێراقچی و دکتۆر هیممەتی و دوو سێ کەسی شارەزا لە بانکی ناوەندی و وەزارەتی دەرەوە و منیش لەگەڵیان بووم.. لە ئەنجامی دانوستاندنــەکان لەگەڵ بەرپرسانی بانکی و دارایی قەتەر، ئەنجامەکەیشی ئەو سەرکەوتنە بوو کە گوێتان لێبووە، ئەوەش دەستگەیشتنی ئێمەیە بەو پارەیەی گەرەنتی کراوە."

لەلایەکی دیکەوە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە بە دوایین نێوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران ناوزەدی کرد. 

بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەمریکا پابەند بووە لە ماوەی 60 رۆژدا ئێران بتوانێت دەستی بگاتە 12 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی.

هاوکات لەگەڵ دانوستاندنــەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، جارێکی دیکە مشتومڕەکان لەبارەی پارە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات گەرم بووەتەوە. 

ساڵانێکە ژمارە و ئاماری جیاواز، لە کەمتر لە 20 ملیار دۆلارەوە تاوەکو زیاتر لە 120 ملیار دۆلار، وەک پارە سڕکراوەکانی ئێران باس دەکرێن کە ناتوانرێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ هیچ کامیان رەت بکرێنەوە یان پشتڕاست بکرێنەوە.

ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە تیمی دانوستاندنــکاری ئەتۆمییەوە نزیکە، کۆی سەرچاوە داراییە سڕکراوەکانی ئێرانی بەپێی دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، بە 24 ملیار دۆلار راگەیاندووە. 

لە بەرامبەردا، میدیا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (وۆڵ ستریت جورناڵ) و (پەیمانگای ئاشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان)، کۆی داراییە سزادراوەکانی ئێرانیان بە بڕی 100 بۆ 123 ملیار دۆلار خەمڵاندووە. کەناڵی جەزیرەی قەتەریش بڕی داراییە سڕکراوەکانی ئێران لە وڵاتانی چین، عێراق، هیندستان، ژاپۆن، ئەمریکا و لوکسەمبۆرگ بە کۆی گشتی 44 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت.

سەعید ئاجەرلوو، ئەندامی تیمی میدیایی دانوستاندنــکار، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، بڕی 24 ملیار دۆلار بە رەزامەندیی بانکی ناوەندی، کراوەتە بنەمای دانوستاندنــەکان.

لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار هەواڵی ئازادکردنی بەشێک لە داراییە سڕکراوەکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە و دواتر رەتکراوەتەوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2023، بەرپرسانی حکومەتی ئێران هەواڵی ئازادکردنی 6 بۆ 7 ملیار دۆلار دارایی ئێرانیان لە کۆریای باشوور و گواستنەوەیان بۆ بانکە ئێرانییەکان راگەیاند، بەڵام لە کۆتاییدا دەرکەوت کە کارێکی لەو شێوەیە رووی نەداوە.

زانینی ئەوەی ئێران چۆن نەوتەکەی سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا دەگەیێنێتە کڕیارەکانی و چۆن دەتوانێت دوای پێدانی تێچوویەکی زۆری ئەو پڕۆسە ئاڵۆز و نهێنییە، داهاتەکەی بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بەکاربهێنێت، بووەتە ئامانجی چەندین دەزگای هەواڵگری و ئەمنیی جیهان لەم ساڵانەدا. 

ساڵانێکە نووسینگەی کۆنتڕۆڵی دارایییە بیانییەکان (OFAC) و نووسینگەی دابینکردنی دارایی تیرۆریزم و تاوانە دارایییەکان (TFFC)لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و دامەزراوە هەواڵگرییەکانی دیکە، هەوڵی دۆزینەوەی کۆدی زنجیرەی مامەڵە بانکی و دارایییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن.

12 ملیار دۆلارەکە

بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەشتە کتوپڕەکەی محەممەد باقر قاڵیباف و عەباس عێراقچی بۆ دۆحەی پایتەختی قەتەر و هاوڕێیەتیی عەبدولناسر هیممەتی (سەرۆکی بانکی ناوەندی) لەگەڵیان، جارێکی دیکە دۆسیەی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێرانی لە قەتەر کردەوە.

ئاژانسی تەسنیم رۆژی سێشەممەی رابردوو لە راپۆرتێکدا نووسی: "بەپێی دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە 14 ماددە پێکهاتووە، دەبێت داراییە سڕکراوەکانی ئێران لە کاتی دانوستاندنــەکاندا ئازاد بکرێن کە بڕەکەی بە 24 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. ئێران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت نیوەی ئەم بڕە لەگەڵ راگەیاندنی یاداشتنامەکە بەردەست بێت و نیوەکەی تری لە ماوەی 60 رۆژدا بگوازرێتەوە."

وەڵامی لایەنی ئەمریکایی بۆ ئەم داواکارییانە جیاوازی لە لێدوانەکانی پێشتریان نەبوو. دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) بە تانەوە ئەم سیاسەتەی بە سیاسەتی باراک ئۆباما ناوبرد و جەختی کردەوە کە هیچ پارەیەک بە ئێرانییەکان نادرێت.

لە ناوەڕاستی ئەم چەقبەستووییە سیاسی و ئابوورییەدا، کەناڵی 12ی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیلی رایگەیاند، قەتەر رازی بووە 12 ملیار دۆلار بە ئێران بدات، هەرچەندە ئەم هەواڵە لەلایەن ماجد محەممەد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رەتکرایەوە. هەروەها دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند: "نەخێر، ئێمە باسی هیچ کەمکردنەوەیەکی سزاکان یان پێدانی پارە ناکەین. هیچ شتێک."

بەڵام سەعید ئاجەرلوو، ئەندامی تیمی میدیایی دانوستاندنــەکان، گەشتەکەی قاڵیبافی بۆ قەتەر بە سەرکەوتووانە ناوبرد و گوتی: "بڕیارە 12 ملیار دۆلار بە شێوەیەکی راستەوخۆ بخرێتە بەردەستی بانکی ناوەندی."

12، 24 یان 100 ملیار دۆلار؟

وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، ئامارەکان زۆر جیاوازن. رۆژنامەی (هیندوو) بڕی دارایییەکانی بە 100 تا 123 ملیار دۆلار خەمڵاندووە. ئاژانسی ئەلجەزیرەش بڕە پارەکانی بەم شێوەیە دابەش کردووە:
• ژاپۆن: 1.5 ملیار دۆلار.
• عێراق: 6 ملیار دۆلار.
• چین: لانیکەم 20 ملیار دۆلار.
• هیندستان: 7 ملیار دۆلار.
• ئەمریکا: نزیکەی 2 ملیار دۆلار.
• لوکسەمبۆرگ: 1.6 ملیار دۆلار.
• قەتەر: 6 ملیار دۆلار (ئەو پارەیەی لە کۆریاوە گواسترایەوە و دواتر بلۆک کرا).

کۆی گشتیی ئەو ژمارانەی جەزیرە باسیان دەکات دەگاتە 44 ملیار دۆلار. لەگەڵ ئەوەشدا، سەعید ئاجەرلوو جەخت دەکاتەوە کە تەنیا 24 ملیار دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

هیچ شتێک ئەوە نییە کە دیارە

هیچ بەشێکی دۆسیەی دارایییە سڕکراوەکانی ئێران روون و شەفاف نییە. تەنانەت چارەنووسی ئەو 6 ملیار دۆلارەی لە هاوینی 2023دا باس کرا، هێشتا نادیارە. یاشار سوڵتانی، رۆژنامەنووس، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "بڕیار بوو 6 ملیار دۆلارەکە لە کۆریاوە بنێردرێ بۆ قەتەر، بەڵام لە سەردەمی فەرزین (سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران) سەری لە ئەڵمانیا دەرچوو و هەر لەوێش بلۆک کرا."

جگە لەم ناڕوونییانە، دەبێت تێچووی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و گۆڕانکاریی نرخەکانی دراویش بۆ ئەم کێشەیە زیاد بکرێت. چاودێرانی ئابووری دەڵێن گەیشتن بە لووتکەی لێکتێگەیشتن لەم دۆسیەیەدا کارێکی ئاسان نابێت و رەنگە گوشارە سیاسییەکان بوار نەدەن ئەم پارانە بە ئاسانی بگەنەوە تاران.