رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەڕانەوەی زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلاری پارە دزراوەکانی راگەیاند.
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی چوارشەممە 1-2-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەپێی بەرنامەی حکومیی و لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی پارە براوەکانی دەرەوەی وڵات، لایەنی پسپۆڕ توانی زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلار لە پارەی دزراو بگەڕێنێتەوە و بیخاتەوە نێو گەنجینەی دەوڵەت."
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە کۆتایی مانگی ئایاری 2021دا لە کاتی راگەیاندنی رەوانەکردنی پرۆژەیاسای گەڕاندنەوە و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی گەندەڵی بۆ پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئامار و داتاکانی حکومەت و داتا نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، تێکڕای داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2003وە نزیکەی هەزار ملیار دۆلارە، هەروەها ئاماژە و زانیاری هەن کە لانیکەم 150 ملیار دۆلاری گرێبەستەکانی گەندەڵی بۆ دەرەوەی عێراق بردراون.
رۆژی 11-11-2021، محەممەد روبەیعی، ئەندامی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەدوای ساڵی 2003وە زیاتر لە 350 ملیار دۆلار تەنیا لە بودجەی گشتیی عێراق کە هەزار و 100 ملیار دۆلار زیاتر بووە، بەهەدەر دراوە و براوەتە دەرەوەی عێراق، کە بەلای ئێمەوە رێژەی 20% بۆ 40%ی کۆی بودجەکانی ساڵی 2003 تاوەکو 2021 بەهەدەردراوە و دزراوە". هاوکات بەشێک لە بەرپرس و شارەزایانی دیکەش باس لە بردنەدەرەوەی نزیکەی 500 ملیار دۆلار دەکەن.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-01-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای دەستکەوتنی زانیاریی ورد و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگەی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سێ تۆمەتبار دەستگیرکران."
بەپێی راگەیێندراوەکە ئەو سێ تۆمەتبارە پەیوەندییان بە تۆمەتبارێکی دیکەوە هەیە، ئەویش بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتیی باجەکانە. کە لەسەر بابەتێکی دیکە دەستبەسەرە و دانپێدانانی وەرگیراوە. ئەو چوار کەسە تۆمەتبارکراون بە "سپیکردنەوەی پارە."
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر یەک ملیار و 227 ملیۆن دینار، (556،900 ) هەزار دۆلاری ئەمریکی و بڕێکی زۆری زێڕ و خشڵی تۆمەتبارەکاندا گرتووە. هەروەها دەستیان بەسەر 11 تاپۆی خانووبەرە کە 9یان لە ناوخۆی عێراق و دووەکەی دیکە لە دەرەوەی وڵات بوون، گرتووە.
بە گوێرەی دەستەی دەستپاکی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی دەستەی گشتیی باجەکان، دانی بەوەداناوە 3.6 ملیۆن دۆلاری بردووەتە دەرەوەی وڵات.
مانگی 9ـی ساڵی 2022، ئوسامە حسام جەودەت، لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باجەکان دوورخرایەوە. بەپێی بەڵگەنامەیەک لە 15-9-2022 دەرچووە، وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی بڕێکی زۆر پارە لە داهاتی دەستەی گشتیی باجەکان، بەو هۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە و یاریدەدەر و ژمارەیەک بەڕێوەبەری بەشەکانی دەستەکان لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

