رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی خاوەن پەلەوەرخانەکانی بەرهەمهێنانی هێلکەی مریشک لە پارێزگای بەسرە، کە ژمارەیان 110 پەلەوەرخانەیە دەڵێن، هەرچەندە عێراق هاوردەکردنی هێلکەی خواردنی قەدەخە کردووە کەچی تائێستا هێلکەی تورکی و ئێرانی لە دەروازەکانەوە هاوردە دەکرێن و لە نێو کارتۆنی هێلکەی عێراق دادەنرێن و دواتر لە پارێزگاکانی عێراقدا بە ناوی هێلکەی عێراقی دەفرۆشرێن.
هادی حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەسرە، ئەمڕۆ یەکشەممە 25-09-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەرتی سامانی ئاژەڵ دووچاری کێشەی کەمئاوی و کەمبارانی و وشکبوونی زۆنگاوەکان و کەمبوونی رووبەری سەوزایی بووەتەوە، لەگەڵ سوێربوون، کە کاریگەرییان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە بەسرە هەیە".
پەلەوەرخانەکانیش بەدەرنین لەو کاریگەرییانە و دووچاری کێشەی کەمیی ئالیک و پێداویستییەکان بوونەتەوە کە هاوردە دەکرێن.
هادی حوسێن دەڵێت: "لە مانگی رابردوو 77 ملیۆن هێلکەی خواردن لە پەلەوەرخانەکانی زوبێر و سەفوان لە بەسرە بەرهەمهێندران، بەڵام پەلەوەرخانەکان پێویستیان بەهاوکاریی حکومەتە".
ئەمە لە کاتێکدایە، محەممەد خەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند: وەزارەتی کشتوکاڵ کار بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژیی 2026-2022 دەکات بۆ بەدیهێنانی خۆبژێوی لە دابینکردنی هێلکەی خواردن و گۆشتی مریشک.
خەرجکردنی چەندین ملیار دینار بۆ 110 پەلەوەرخانە
حوسێن سەعد حوسێن، کە خاوەنی پەلەوەرخانەیەکە لە شارۆچکەی زوبێر لە پارێزگای بەسرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 110 پەلەوەرخانە لە بەسرە هەن، بەڵام ئێستا کەمتر لە 100 پەلەوەرخانە کاردەکەن، چونکە خاوەنی ئەو پەلەوەرخانانە دووچاری کێشەی زۆر بوونەتەوە".
خاوەن پەلەوەرخانەکە دەشڵێت: "لە ساڵی 2016 پەنامان بۆ دروستکردنی پەلەوەرخانە برد دوای ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەڵێنی پێداین پشتیوانیمان بکات وەکو وەبەرهێنەر، کەچی دوای ئەوەی چەندین ملیار دینارمان خەرج کرد پڕۆژەکانمان شکستیان هێنا، چونکە وەزارەت پشتیوانیی نەکردین و هاوردەکردنی هێلکە بەردەوامە".
"تێچووی هێلکە لە داهاتەکەی زیاترە"
حوسێن سەعد دەڵێت، ئێستا نرخی یەک تۆن ئالیک لە 350 دۆلارەوە بۆ 600 دۆلار بەرزبووەتەوە، هەروەها نرخی یەک تۆن سۆیا لە 500 دۆلارەوە گەیشتووەتە 900 دۆلار، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی هێلکە هەیە.
حوسێن سەعد دەشڵێت، گازوایل لە بازاڕ دەکڕن بۆ دابینکردنی کارەبا، "چونکە کارەبای نیشتمانیی زۆر دەپچرێت لە کاتێکدا لە مانگی سێوە تاوەکو ئێستا هەر کارتۆنێک هێلکە بە 47 هەزار دینار دەفرۆشین، کەچی تێچووی هەر کارتۆنێک هێلکە 50 هەزار دینارە".
"هێلکەی تورکی و ئێرانی بە عێراقی دەفرۆشرێن"
حوسێن سەعد حوسێن، کە خاوەنی پەلەوەرخانەیەکە لە شارۆچکەی زوبێر لە بەسرە ئاشکرای کرد: "بەشێک لە بازرگانان هێلکەی تورکی و ئێرانی هاوردە دەکەن و دواتر لە کارتۆنی هێلکەی عێراقی دادەنێن و بە نرخێکی کەمتر لە هێلکەی خۆماڵی لە بازاڕەکانی عێراقدا دەیفرۆشن، بۆیە پێشبینی دەکەین لە چەند مانگی داهاتوودا قەیرانی هێلکەی خۆماڵی لە بازاڕەکاندا سەرهەڵبدات".
حوسێن سەعد حوسێن باس لە دۆخی خاوەن پەلەوەرخانەیەک لە بەسرە دەکات و دەڵێت: "خاوەنی پەلەوەرخانەکە بە 7 ملیار دینار خستەڕوو بۆ ئەوەی بیفرۆشێت لە کاتێکدا تێچووی دروستکردنەکەی 15 ملیار دینار بووە. بەرهەمی رۆژانەی 1200 کارتۆن هێلکەی خواردن بوو، بۆیە ناچار بوو پڕۆژەکەی دابخات".



