رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان پشکی بازاڕ و کۆمپانیا ئەورووپییەکان دادەبەزێنن، د. ترەیدەر دەڵێت، پشکی بازاڕەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا نزیکەی 1.5% دابەزیوون.
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە د. ترەیدەر ناسراوە، لە شرۆڤەی بازاڕە داراییەکان لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی دراوی دیجیتاڵی (XRP) لەنێوان 1.25 و 1.28 دۆلاردا بووە، بەڵام لە یەک رۆژدا نرخەکەی بە رێژەی 5.5% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 1.32 و 1.325 دۆلار.
د. ترەیدەر، پێشبینیی زیاتر بەرزبوونەوەی ئەو دراوە دیجیتاڵییەی کرد و ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا نرخەکەی بگاتە نێوان 1.34 و 1.35 دۆلار.
شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە و لە زۆربەی وڵاتان بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری و گرانییەوە خۆپیشاندانی بەرفراوان دەکرێت.
سەبارەت بە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی ئەورووپا، د. ترەیدەر، گوتی: "گرانبوونی کرێی خانوو، کێشەکانی نیشتەجێبوون و خوێندن رۆڵیان لە دروستبوونی ناڕەزایەتییەکاندا هەبووە، بەڵام هۆکارە گشتییەکان بریتین لە هەڵاوسانی بەرز، گرانبوونی وزە و سووتەمەنی و خراپبوونی باری گوزەران."
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکانی پشکی ئەورووپا هەبووە و پشکی ژمارەیەک لە بازاڕەکان دابەزیوون. بە گوتەی د. ترەیدەر، پشکی بازاڕەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا نزیکەی 1.5% دابەزیوون و پێوەری پشکی 600 کۆمپانیای گەورەی ئەورووپاش نزیکەی 1% کەمبوونەتەوە.
د. ترەیدەر، باسی لەوە کرد کەرتی بانکداری یەکێک لەو کەرتانە بووە کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چونکە بانکەکان پەیوەندییەکی نزیکیان بە قەواڵە داراییەکانی حکوومەتەوە هەیە و تێکچوونی دۆخی سیاسی و دارایی دەتوانێت بەهای ئەو قەواڵانە دابەزێنێت.
سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای ئەورووپادا، د. ترەیدەر، ئاماژەی بە ستراتیژیی سەرمایەدارانی وەک وارن بافێت کرد کە لە کاتی قەیران و دڵەڕاوکێی بازاڕدا پارەکانیان بە نەختینەیی رادەگرن و چاوەڕێی دەرفەتی گونجاوی کڕین دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەو جۆرە بارودۆخانەدا پاراستنی سەرمایە، دوورکەوتنەوە لە تەماح و خۆپاراستن لە وەبەرهێنانی مەترسیدار گرنگییەکی زۆریان هەیە.
بە گوتەی د. ترەیدەر، لە فەرەنسا قەرزە گشتییەکان گەیشتوونەتە نزیکەی 120%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) و ئێستا فەرەنسا بە تێچوویەکی گرانتر قەرز وەردەگرێت.
لە بازاڕی دراویشدا، یۆرۆ بەرامبەر دۆلار بەرەو ئاستی 1.11 و 1.12 دۆلار دابەزیووە و بە تەواوی نەیتوانیووە لە ئاستی 1.11 دۆلار خۆی بپارێزێت.
بەپێی شرۆڤەکانی د. ترەیدەر، ئاستەکانی 1.10 و 1.05 دۆلار دەکرێت خاڵی گرنگی کڕین بن، بەڵام بڕیاردان لەوبارەیەوە پێویستی بە چاودێریکردنی جووڵەی بازاڕەکان هەیە.


