رووداو دیجیتاڵ
دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (کرێسکات کاپیتاڵ) پێشبینی کردووە لە چوار ساڵی داهاتوودا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 20 هەزار دۆلار. د. ترەیدەر دەڵێت، دەبێت ساڵانە نرخەکەی 50٪ بەرز ببێتەوە.
رۆژی 01ـی تشرینی یەکەمی 2026، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بە نزیکەی 4 هەزار و 190 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی زێڕ و سیناریۆکانی داهاتووی کانزا زەردەکە بە تایبەت پێشبینییەکان بۆ گەیشتنی هەر ئۆنسەیەکی بە 20 هەزار دۆلار، بابەتی شرۆڤەی د. ترەیدەر و محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشکاری ئابووری رووداو بوو.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە دارایییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" رایگەیاند، بۆ گەیشتنی نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 20 هەزار دۆلار، دەبێت ساڵانە نرخەکەی 50٪ بەرز ببێتەوە.
هاوکاتی پێشبینیەکان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی زیویش دەکرێت.
د. ترەیدەر باسی لەوەشکرد، ئەگەرچی لە ماوەی رابردوو چەند جارێک نرخی زێر و زیو پێکەوە بەرزبوونەوەتەوە، بەڵام پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان زێڕ و زیو نییە.
کێڤن سمیت، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (کرێسکات کاپیتاڵ)، کە لە ساڵی 1992ەوە بەڕێوەبەری وەبەرهێنان بووە، پێشبینییەکەی لەسەر بنەمای دوو مۆدێلی ئابووری داڕشتووە، کە نرخی زێڕ دەبەستێتەوە بە خستنەڕووی پارە لە جیهاندا، رێژەی گەشەی نرخی زێڕ و پشکەکانی ئەمریکا.
لە راپۆرتێکی توێژینەوەدا کە لە 22ی تەممووزی 2026 بڵاوکرایەوە، کرێسکات کاپیتاڵ دوو ئەگەری بۆ گەیشتن بە ئامانجی 20,000 دۆلار دیاری کردووە.
هەرچەندە هەردوو رێگەکە لەڕووی بیرکارییەوە لۆژیکین، بەڵام هەریەکەیان بەستراونەتەوە بە گۆڕانکاریی گەورە لە سیستمی دارایی جیهانیدا.
لە کاتی گۆڕانکارییەکان لە نرخی کانزاکان، هاوڵاتییان بە رێژەیەکی زۆر روو لە مامەڵە کردن بەو کانزایانەوە دەکەن کە پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان دەکرێت.
د. ترەیدەر داوای لە بازرگانان و مامەڵەکارانی زێڕ کرد، بە ئامانجی دوور کەوتوونەوە لە زیانەکان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕنکارییانە بکەن تاوەکو تووشی زیان نەبن.
روونیشکردەوە، پێویستە لە کاتی گۆڕانکارییەکاندا بە گوێرەی دۆخەکان مامەڵە لە بازاڕەکاندا بکەن.
یەکەمین مۆدێلی کرێسکات بەراوردی خستنەڕووی نەختینەیە لە جیهاندا، بەو بڕە زێڕەی لەسەر زەویدا بەردەستە. بەڵگەی سەرەکی ئەوەیە کە لە کاتێکدا حکومەتەکان و بانکە ناوەندییەکان دەتوانن پارە چاپ بکەن و زیادی بکەن، بڕیی زێڕی فیزیکی لە جیهاندا زۆر بە خاوی گەشە دەکات و زیاد دەبێت.
بە گوێرەی کرێسکات، خستنەڕووی پارە لە جیهاندا لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا بە تێکڕای ساڵانەی نزیکەی 7% گەشەی کردووە. ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت و لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی زێڕ بە سنوورداری بمێنێتەوە، بەهای زێڕ دەکرێت بە شێوازێکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
دووەمین مۆدێلی، کۆمپانیاکە رێگەیەکی جیاواز دەگرێتەبەر، ئەویش پشکنینی پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوان زێڕ و پێنوێنی (S&P 500)ـی بۆرسەی ئەمریکایە.
کۆمپانیاکە سیناریۆیەک لەبەرچاو دەگرێت کە تێیدا بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا بە رێژەی 50% دابەزێت، لە کاتێکدا بەهای زێڕ بەراورد بە پشکەکان بە خێرایی بەرز ببێتەوە. مۆدێلەکە گریمانەی ئەوە دەکات کە رێژەی زێڕ بەرامبەر پێنوێنی S&P 500 دەتوانێت بگاتە 5.25، ئەمەش نرخی نزیکەی 20,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ دروست دەکات.
دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆرسەی ئیستەنبووڵ
تادێت دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە سندووقی وەبەرهێنان لە بۆرسەی ئیستەنبووڵ قوڵتر دەبێتەوە.
دۆسیەکە بریتیە لە دەستکاریکردنی نرخی پشکەکان و ساختەکاری لە مامەڵەی دارایی لە بۆرسەی ئیستەنبووڵدا.
بڕیارە ئەمڕۆ 01ـی 2026، ئەو لیژنەیەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەست بەکار بێت کە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە پێکهێنراوە.
لیژنەکە لەلایەن یاریدەدەری سەرۆککۆمار سەرۆکایەتی دەکرێت، ئەرکی دیاریکردنی لایەنی کەمتەرخەمی حکومییە لە دۆسییەکەدا.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" گوتی،"لە هەندێک شوێن بۆ ئەوەی نرخی پشکێک بەرز بکرێتەوە هەندێک بازرگان و وەبەرهێنان مامەڵەی وەهمی بە پشکەکەکانەوە دەکەن تاوەکو نرخەکە بەرز ببێتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە دۆسیەی بۆرسەی ئیستەنبووڵ دواتر لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە یاری بە نرخی پشکەکانەوە کراوە یاخود نا.
لەچوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا 131 سندوقی وەبەرهێنان، 7 کۆمپانیای بەرێوەبردنی سندوقی وەبەرهێنان، و مامەڵەی دارایی کە نزیکە 20 ملیار دۆلار دەکات دەخرێنە ژێر لێکۆڵینەوە.
دۆسیەکە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئیستەنبووڵ، بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی بازاری سەرمایە بەرێوەدەچێ . 46 کۆمپانیا و 18 سندووقی وەبەرهێنان و 56 کەس کە خاوەنی کۆمپانیان یاخود مامەڵەی داراییان کردووە، دەستبەسەر کراون.

