رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی کردنەوەی سێیەم لقی خواردنگەی (زاگرۆس) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، ریزێکی نزیکەی یەک کیلۆمەتر درێژ لە کڕیاران شەقامەکەی تەنی. بۆیە پۆلیس و پاسەوانان بۆ رێگریکردن لە قەرەباڵخی و ئاڵۆزی گەیشتنە شوێنەکە. ئەویش لەدوای ئەوەی ئەو خێزانە کوردە دیاسپۆرانشینەی خاوەنی خوارنگەکەیە، بڕیاری دا نرخی هەر دۆنەرێک بکاتە تەنیا یەک سەنت.
چیرۆکی ئەو خێزانە کوردە، کە لە شکستێکی بازرگانییەوە بوونە یەکێک لە دیاردە نێودارەکانی نێو سۆشیاڵ میدیا لە پایتەختی ئەڵمانیا، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (دیاسپۆرا) دا لە رووداو گێڕدرایەوە. حوسێن حوسەینی، خەڵکی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئاشتی رەشیدزادەی هاوژینی، 23 ساڵە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە. ئەوان دایکوباوکی کوڕێک و دوو کچن و لەدوای کۆچێکی سەخت، کە ساڵێک لە رێگەدا مانەوە، گەیشتنە ئەڵمانیا.
سەرەتای پڕۆژەکەیان لە بەرلین ئاسان نەبووە. حوسێن حوسەینی دەگێڕێتەوە کە ساڵی 2023، یەکەم دووکانیان لە ناوچەی کرۆیتسبێرگ کردەوە، بەڵام ساڵی یەکەم بەتەواوی بێ بازاڕ بووە و دەڵێت: "ماوەی یەک ساڵ هەرچیمان پێکرا کردمان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و خەڵک نەدەهاتن بۆ لامان. خۆمان نانمان دروست دەکرد بە شێواز و کواڵیتییەکی بەرز، تەنیا کێشەکە ئەوە بوو خەڵک شوێنەکەی نەدۆزیبووەوە و نەیناسیبوو." ئەو ساردبوونەوەیە وایلێکردن روو لە سۆشیاڵ میدیا بکەن بۆ ناساندنی کارەکەیان، تاوەکو دۆخەکە بەتەواوی پێچەوانە بووەوە و دەڵێ: "بەتایبەتی کوردی ئەڵمانیا زۆر هاوکاربوون و پشتگیرییان کردین، بەجۆرێک کە قەت بڕوام نەدەکرد. ئێستا لە هەموو شارەکانی ئەڵمانیاوە کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان سەردانمان دەکەن."
لە سۆشیاڵ میدیادا، ئاشتیی دایک، حوسێنی باوک و موقەدەمی کوڕیان بەبێ هیچ سیناریۆ و نواندنێک دەردەکەون. ئەوان بەشەفافییەتەوە هەموو شتێک لەگەڵ کڕیارەکانیاندا باس دەکەن. هەر لە هۆکاری گرانبوونی نرخی خواردنەوە تاوەکو دەگاتە ناساندنی زنجیرەچیای زاگرۆس بە دانیشتووانی بەرلین. ئاشتی رەشیدزادە لەبارەی نهێنیی ئەو متمانەیەوە دەڵێت: "ئێمە ئەو خواردنەی خۆمان دەیخۆین، پێشکێشی خەڵکیشی دەکەین. ئەوەی لەپێش کامێرایە، لەپشت کامێراش هەر هەمان شتە و پێم وایە تاوەکو ئێستا ئەوەمان سەلماندووە." حوسێنی هاوژینیشی تەواوی دەکات و دەڵێ: "ئەوەی لەدڵماندایە، لەسەر زمانمانە و هەموو ئەوەی پێشکێشی خەڵکی دەکەین روون و ئاشکرایە."
ئەو راستگۆیی و خاکەڕاییە سەرنجی شارەزایانی خواردن و کەسایەتییە دیارەکانی بەرلینیشی راکێشاوە. جان ئێف کێندی کەسایەتیی ناوداری سۆشیاڵ میدیا لە بەرلین، پێیوایە جیاوازیی زاگرۆس لەگەڵ سەتان خوارنگەی دیکەی شارەکە لە چیرۆکی خێزانەکەدایە و دەڵێت: "بە بۆچوونی من، نهێنیی سەرکەوتنی زاگرۆس ئەو خۆشەویستییەیە کە لەگەڵیدایە. لە بەرلین زۆر دۆنەری هاوشێوە هەن کە تامیان خۆشە، بەڵام لێرە ئەو خۆشەویستییە هەیە کە وادەکات بتەوێت پشتگیری ئەو خێزانە بکەیت."
بەگوتەی کێندی، کڕیارەکان لە نەستی خۆیاندا تامی خواردنەکە بە تێکۆشانی ئەو خێزانە کوردەوە دەبەستنەوە: "ئەو چیرۆکە وەک گەشتی پاڵەوانان وایە. ئەوەی کە چۆن کاتی خۆی کۆچیان کردووە، ساڵێک لە رێگەدا ماونەتەوە و دواتریش لێرە لە ئەڵمانیا بزنسێکی وا سەرکەوتوویان دروستکردووە؛ ئەوەش وا دەکات هەر دۆنەرێک و هەر قەپێک لە دۆنەرەکە وەک پشتگیرییەک بێت بۆ ئەو ماڵباتە."



