رووداو دیجیتاڵ
بۆ زۆربەی پێکهاتە بیانییەکانی شاری میونشنی ئەڵمانیا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کۆچبەران تەنیا پرۆسەیەکی راوێژکاریی خۆجێییە، بەڵام بۆ کوردستانییانی ئەو شارە واتایەکی قووڵتری هەیە. ئەوان سێ دەیە و نیوە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە لەژێر یەک چەتردا بە ناوی (لیستی کوردستان) کۆبوونەتەوە، بۆئەوەی سەرەڕای بێ دەوڵەتی، ناسنامە و مافەکانیان لەنێو دامەزراوە فەرمییەکانی ئەڵمانیادا بچەسپێنن.
گرنگیی ئەو هەڵبژاردنە و رۆڵی کورد لەنێویدا، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دیاسپۆرادا لە رووداو باس کرا و تێیدا ئازاد بینگۆل، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆچبەران و بەربژێری لیستی کوردستان لە میونشن بەشداریکرد. بینگۆل کە نەوەی سێیەمی پەنابەرانی کوردە لە ئەڵمانیا، خۆی وەها دەناسێنێت کە "خەڵکی شارۆچکەی (گمگم)ی باکووری کوردستانم، خۆم لە شاری میونشنی ئەڵمانیا لەدایکبووم و لەمێژە لێرەم."
ئەو هاونیشتمانییە روونی دەکاتەوە کە لیستی کوردستان 35 ساڵە هەیە و لە ساڵی 1991ەوە لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی کۆچبەران دامەزراوە، کە وەک دەستەیەکی راوێژکاری بۆ شارەوانی لە بواری سیاسەتی تایبەت بە بیانییەکان کاردەکات و دەڵێ: "ئێمەش وەک کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەو ساڵەوە بەشداری دەکەین، تاوەکو بتوانین وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە دەنگ و مافەکانمان لێرە بگەیەنین و بیپارێزین."
بە گوتەی ئەو بەربژێرە کوردە، بێ دەوڵەتی وایکردووە کورد بە چاوێکی جیاوازتر لە نەتەوەکانی دیکە سەیری ئەو دەرفەتە دیموکراسییانە بکات و دەڵێ: "جیاوازیی ئێمەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ئەوەیە کە مافی ئێمە لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە ناپارێزرێ و نەتەوەکانی دیکە لەو رووەوە ماف و دەنگیان لە ئێمە زۆرترە، بۆیە بۆ ئێمە ئەو هەڵبژاردنە و هەر هەڵبژاردنێکی لەوشێوەیە زۆر گرنگترە."
ئەو هاونیشتمانییە هەروەها جەختدەکاتەوە ئەوان بە دروشمی "ماف نادرێت، بەڵکو دەستێندرێ" کاردەکەن بۆئەوەی بە هۆشیاری و زانیارییەوە ناو و ناسنامەی کورد لەنێو دامەزراوەکانی ئەڵمانیادا بناسێنن.
ئەو بەشدارییە سیاسییە لە میونشن تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدا نەماوەتەوە، بەڵکو دەستکەوتی کرداریی لێکەوتووەتەوە. بینگۆل کە لە ساڵی 2017ەوە ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە، ئاشکرایکرد پێشنیازەبڕیارێکی پێشکێشکردووە بۆئەوەی شارەوانیی میونشن بەفەرمی دان بە ناسنامەی کوردیدا بنێت و گوتی: "هەر لەسەر ئەو بنەمایەش، بۆ یەکەمجار لە ئەڵمانیا لەژێر چەتری شارەوانییەکدا لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ژیانی کوردی میونشن کرا."
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 22ی مانگ، سندووقەکانی دەنگدان لە قوتابخانە و شوێنە فەرمییەکانی میونشن دابنرێن. بەربژێرەکەی لیستی کوردستان روونی دەکاتەوە، هەرچەندە نامەی فەرمی بۆ دەنگدەران دەنێردرێ کە شوێنی دەنگدانەکەیانی تێدا نووسراوە، بەڵام نەگەیشتنی نامەکە هیچ کەسێک لە دەنگدان بێبەش ناکات و دەڵێ: "هەر کەسێک وڵاتینامەی بیانی هەبێت، تەمەنی 18 ساڵ بێت و لانیکەم 6 مانگ بێت لە شاری میونشن بژی، تەنانەت ئەگەر نامەکەشی پێنەگەیشتبێت، دەتوانێت بە ناسنامەکەی بچێتە نزیکترین قوتابخانە یان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە شوێنەکەی بزانێت و دەنگی خۆی بدات."



