رووداو دیجیتاڵ
لەنێو هۆڵێکی داخراودا لە بەرلین و دوور لە کامێرای میدیاکان، کچە کوردێکی ئێزدی بە رووخسارێکی بێگوناه و بڕوابەخۆبوونێکی زۆرەوە، شایەتییەکی چاوەڕواننەکراوی لەبەردەم کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتیدا دا. ئیخلاس، کە لە تەمەنی 14 ساڵیدا کەوتبووە دەستی چەکدارانی داعش، گوتی لەماوەی دیلێتیدا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سووریای بۆ قۆناخی راگوزەر بینیوە و ناچارکراوە چای بۆ ببات.
ئەو شایەتیدانە هەستیارە، کە بەشێکی دزەی کردە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ کرا. کۆمیسیۆنە نێودەوڵەتییەکە لە پەرلەمانتارانی ئەورووپا، هەڵگرانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و کەسانی ئەکادیمی پێکهاتبوو بۆ گوێگرتن لە رزگاربووانی ئێزدیی دیاسپۆرانشین. زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، کە بۆ رووماڵی رووداو و وەک چاودێر لەنێو دانیشتنە داخراوەکەدا ئامادەبوو، وردەکاریی گوتەکانی ئەو کچە و بەدواداچوونی خۆی بۆ راستیی رووداوەکەی ئاشکراکرد.
لەنێو 47 چەکداری داعشدا بووە
زنار شینۆ لەبارەی چیرۆکی ئەو کچە رزگاربووەوە دەڵێت: "ئەو رزگاربووە خەڵکی (تەل قەسەب)ە. کاتێک لە 3ی ئابی ساڵی 2014 دەستگیرکرا، دوو هەفتەی مابوو تەمەنی ببێتە 14 ساڵ. ئەو لەگەڵ دوو کچی دیکە لەنێو 47 چەکداری داعشدا بووە. باوک و مامەکانی بەدەستی داعش کوژراون و لەدوای 8 ساڵ تەرمی باوکی لەنێو یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزرایەوە."
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، ئیخلاس لەبەردەم کۆمیسیۆنەکەدا گوتی: "من سەرۆکی ئێستای سووریام لەو ماڵەی کە منی تێدا کڕدرابووم، بینی. وەک کۆیلەیەک لەوێ بووم. ئەو هات و من چام بۆ برد."
وەرگێڕانی دانیشتنەکە راگیرا
ئەو گوتەیەی ئیخلاس لە وەڵامی پرسیارێکی برێندان ئۆهارا، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا لە پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندا هات. زنار شینۆ دەگێڕێتەوە کە دواتر هێلێنا کێنێدی، ئەندامی ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا و سەرۆکی دانیشتنەکە، زۆر بەدوورودرێژی لەسەر ئەو خاڵە وەستا و دەڵێ "گەیشتە ئەو ئاستەی وەرگێڕانەکە راگیرا و ئامادەبووان یارمەتییان دا بۆئەوەی هێلێنا و ئیخلاس بەتەواوی لەیەکدی تێبگەن، چونکە هێلێنا دەیگوت ئەو زانیارییە زۆر گرنگە."
لەو گفتوگۆ راستەوخۆیەدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە چەند پرسیارێکی یەکلاییکەرەوەی لە ئیخلاس کرد. زنار شینۆ دەڵێت: "هێلێنا لێی دەپرسێ: ئەو کەسە دەیزانی تۆ ئێزدیت و وەک کۆیلە و سەبییە کڕین و فرۆشتنتان پێوەکراوە؟ دەڵێت بەڵێ دەیزانی. لێی دەپرسێت هیچ دەستدرێژییەکی کردە سەرت یان کەسێکی دیکەی رزگاربووی دەستی داعشی لەلابوو؟ دەڵێت نەخێر."
فاکتچێکینگ؛ عێراق بووە یان سووریا؟
خاڵی هەرە جێگەی مشتومڕ لە شایەتیدانەکەدا شوێنی رووداوەکەیە، چونکە ئیخلاس بەئاشکرا گوتوویەتی: "من لە عێراق بینیومە." زنار شینۆ لە بەدواداچوون و فاکتچێکینگی ئەو زانیارییەدا روونی دەکاتەوە کە ئەبو محەممەد جۆلانی، کە دواتر بووە ئەحمەد شەرع، لە ئاداری ساڵی 2011دا لە عێراق دەرچووە و سەرەتا بەرەی نوسرە و دواتر دەستەی تەحریر شامی لە سووریا دروستکردووە، کە دووژمنایەتی و شەڕیش لەنێوان ئەوان و داعشدا هەبووە.
پەیامنێری رووداو لە بەرلین لەگەڵ ژمارەیەک لە چاودێرانی دانیشتنەکە و نووسەر و رۆژنامەڤانانی کوردی ئێزدی گفتوگۆی درێژی لەسەر ئەو دۆسێیە کردووە و دەڵێت: "پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، چۆن ئەو دووانە یەکدەگرنەوە کە ئەحمەد شەرع جارێکی دیکە گەڕابێتەوە عێراق و کچێکی دیلی دەستی داعش چای بۆ ببات؟



