رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا دوو هاووڵاتیی عێراقی دەستگیرکران کە پاسپۆرتی ساختەی دیپلۆماسیی یۆنانییان پێبووە. شتێڤان بایە، گوتەبێژی پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە شاری میونشن، ئەو زانیارییانەی بۆ هاوکارمان زنار شینۆ و بەرنامەی دیاسپۆرا پشتڕاست کردەوە.
شتێڤان بایە لە وەڵامی پرسیارەکانی زناردا دەڵێ، هەرچەندە لەبەر پرسی ئەمنی ناتوانێ ئاشکرای بکات ئەو دوو کەسە خەڵکی کام ناوچەی عێراقن، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە کە هەردوو کەسەکە هاووڵاتیی عێراقین.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ، هەردوو کەسەکە تەمەنیان 28 ساڵە و لە نامیبیاوە چوونەتە فڕۆکەخانەی میونشنی ئەڵمانیا.
هەردوو کەسەکە پاسپۆرتی ساختەی دیپلۆماسیی یۆنانییان پێبووە و کاتێک گیراون، گوتوویانە وەک دیپلۆمات دەیانەوێ بچنە یۆنان. کاتێک پۆلیس پاسپۆرتەکانیانی پشکنیوە، بینیویەتی کێشەیان هەیە. دواتر تیمێکی پسپۆڕ تەماشای پاسپۆرتەکانیان کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی هەردوو پاسپۆرتەکە زۆر بە پیشەییانە ساختە کراون. کاتێک پۆلیس پرسیاری زۆرتری لە دوو کەسەکە کردووە، یەکسەر دانیان بەوەدا ناوە کە هاووڵاتیی عێراقین و دەیانەوێ لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەری بکەن.
گوتەبێژەکەی پۆلیس بە زنار شینۆی گوت، هاووڵاتییەکان ئێستا لە گرتووخانەی گواستنەوەی فڕۆکەخانەی میونشنن و دۆسێی تاوانیان بۆ کراوەتەوە، ئەویش بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامە، مانەوەی بێ مافی مانەوە و چوونە نێو ئەڵمانیا بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی. سەبارەت بە داواکاریی پەنابەرییەکەشیان وەک پۆلیسیش بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و بڕیاری لەسەر دەدات.


