رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر محەممەد ساڵح یونس، سەرمایەدار و ئەکادیمییەکی کوردە لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، ئەلفوبێیەکی تایبەتی بۆ زمانی کوردی دروستکردووە و باس لەوە دەکات، تەنها خۆی دەتوانێت پێی بنووسێت.
بیرۆکەی دروستکردنی ئەو ئەلفوبێیە بۆ کاتی شۆڕشی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە ناچاربووە بە کۆد نامە بنووسێت و بینێرێت بۆ پێشمەرگە. ئەو سەردەمە کە مامی پێشمەرگە بووە، ناچاربووە نامە بە کۆد و نهێنی بنووسێت، دوای راپەڕین بیری لەوە کردووەتەوە ئەو کۆد و هێمایانە بکاتە ئەلفوبێیەکی تایبەتی زمانی کوردی.
دکتۆر محەممەد ناوی ئەلفوبێیەکەی ناوە "ئەلفوبێی کوردلاندی" و پێیوایە دەکرێت ببێتە موڵکی هەموو کورد، کە هەر زاراوەیەکیان هەبێت دەتوانن پێی بنووسن. گوتیشی، "با ئێمەش وەکو هەموو میللەتانی دیکە ئەلفوبێی تایبەتی خۆمان هەبێت."
ئەو ئەلفوبێیەی کە دکتۆر محەممەد دروستی کردووە لە 24 پیت پێکدێت و خۆی دەتوانێت پێی بنووسێت، لە بەرامبەریشدا روونیکردووەتەوە، هەر پیت و ئاماژەیەک بەرامبەر چییە و چ مانایەکی هەیە. دکتۆر محەممەد، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ بوونی ئەلفوبێی لاتینی و عەرەبیدا نییە، بەڵام دەیەوێت ئەلفوبێیەک هەبێت هەموو کورد پێی بنووسن.
دکتۆر محەممەد دەڵێت، هەمیشە ویستوویەتی شتێک بکات کەسی دیکە پێش ئەو نەیکردبێت و پێیوایە ئەو هەنگاوێکی هاویشتووە دەکرێت لە داهاتوودا پێشبخرێت و بکرێتە ئەلفوبێی کوردی.




