رووداو دیجیتاڵ
مامۆستا درەخشان عەلی، یەکێک لە شایەتحاڵ و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی شەقڵاوە دژ بە تاوانەکانی رژێمی بەعس، پەرتووکێکی بە زمانی ئینگلیزی لەژێر ناوی (Mom are they Toys or Apple) بڵاوکردووەتەوە. کتێبەکە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلی کوردستان و تراژیدیای کیمیابارانی شێخ وەسانان و بالیسان لە ساڵی 1987.
مامۆستا درەخشان کە لە شاری هێلسنکیی فینلەندا بەشداریی بەرنامەی دیاسپۆرای کرد، باسی لە ناوەرۆکی کتێبەکەی و ئامانج لە نووسینی کردو رایگەیاند کە بارودۆخی چەند ساڵی رابردوو وای لێکردوە کە ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی بنووسێت، لە فینلەندا دەژیێت و دەیویست دەنگی کورد بگەیێنێتە فینلەندی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوروپی.
ئەو ژنە نووسەرە گوتیشی، "من لە شەقڵاوە بووم لەو کاتەی کە هێلیکۆپتەرەکانی رژێمی بەعس دۆڵی خۆشناوەتییان کیمیاباران کرد، هەموو شەوێک ئەم هێلیکۆپتەرانە دەهاتن، 6 هێلیکۆپتەری رەش بوون، ئەوکات هەستمکرد کرد کە شتێکی زۆر مەترسیدار روودەدات."
مامۆستا درەخشان دەربارەی نووسینی کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی رایگەیاند کە بۆ ئەوەی خەڵکی فینلەندو بیانییەکان بتوانن کتێبەکە بخوێننەوەو لێی تێبگەن و دەربارەی ئازارەکانی گەلی کوردستان زانیارییان هەبێت.
سەبارەت بە ناونیشانی کتێبەکە (Mom are they Toys or Apple)، مامۆستا درەخشان دەگێڕێتەوە کە لە کاتی کیمیابارانەکەدا منداڵان بەهۆی نەزانینی سروشتی ئەو چەکە قەدەغەکراوەوە، پرسیاریان لە دایکییان کردووە کە ئایا ئەوە یاری منداڵانن یاخود سێوە چونکە چەکی کیمیایی بۆنی سێوی لێهاتووە.
کتێبەکە لەلایەن چاپخانەی (Books on Demand) لە هێلسنکی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.



