رووداو دیجیتاڵ
زۆربەی رێکخراو و دامەزراوە کوردستانییەکانی نێو ئەڵمانیا هۆشداری دەدەن و داوا دەکەن هاونیشتمانییان بەشداری لەو خۆپیشاندانانەدا نەکەن کە بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بەڕێوەبچن. پۆلیسی ئەڵمانیاش دەڵێ ئەگەر لە وڵاتەکەی خۆپیشاندانیش هەبێ، ناهێڵن ئەو تێکدان و پشێوییەی لە فەرەنسا روویدا، لە ئەڵمانیا دووبارە ببێتەوە.
چەند رۆژێکە بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئەڵمانیا لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە. ئەوانەی زۆرتر بانگەوازەکە بڵاودەکەنەوە، گرووپ و رێکخراوە چەپە تووندئاژۆکانی ئەڵمانیان و داوا دەکەن رۆژی 31ی ئەم مانگە، گەنجان و قوتابییان و کەسانی ناڕازی بڕژێنە سەر شەقامەکان.
کۆمەڵەی کوردی- ئەڵمانی لە بەرلین و کۆمەڵەی رۆناک لە بۆخووم نموونەی دوو لەو رێکخراوانەن کە بە گەنجانی کورد دەڵێن 'نەچن بەشداری لەو خۆپیشاندانانەدا بکەن'. هەروەها کۆمەڵەی ماڵباتە کوردەکانی لوبنانیش بانگەوازێکیان ئاراستەی جڤاکی کوردی-لوبنانی لە ئەڵمانیا کردووە و دەڵێن، نابێ ئەندامانی جڤاکەکەیان بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکەن. زۆرجار ناوی ماڵباتە کوردە لوبنانییەکان لە میدیاکاندا لەگەڵ تۆڕە سەرپێچیکارەکان لە یاسا لە ئەڵمانیا دەهێنرێ، بۆیە کۆمەڵەکە ئەو بانگەوازەی بڵاوکردووەتەوە تاوەکو لە ئەگەری پشێوی و ئاژاوەدا ناوی ئەوان نەهێندرێتەوە.
پۆلیسی ئەڵمانیا هۆشداری داوە و دەڵێ، ئاگادارن کە هەوڵ هەیە بۆئەوەی ئێوارەی 31ی مانگ ئاژاوە و پشێوی دروست بکرێ. یۆخێن کۆپێلکە، سەرۆکی سەندیکای پۆلیسی ئەڵمانیا هۆشداری داوە و دەڵێ، ئەوانەی پشێوی دروست دەکەن ئەوانە نابن کە قوتابیی ئاشتیخوازن و داوای پەروەردەی باشتر و پاراستنی ژینگە دەکەن، بەڵکو ئەوانەن کە لەپشت ئەو قوتابییانەوە خۆیان حەشاردەدەن و کاری تێکدەرانە دەکەن.
