رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی فیدراڵی بۆ کۆچ و کۆچبەران لە ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، لە 9 مانگی سەرەتای ساڵی 2026، پێداچوونەوە بە 8981 دۆسیەی پەنابەران کراوە و مافی پەنابەری لە زۆربەیان وەرگیراوەتەوە.
ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی مافی پاراستن و پەنابەری بۆ بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیی سووریایی و هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان کە لە ئەڵمانیا مافی مانەوەی کاتییان هەیە.
لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا، بیرگیت ناویوکس، بەرپرسی ئەنجوومەنی کۆچبەران لە هەرێمی نۆرد راین ڤێستفاڵن رەخنەی تووندی گرت و بە هەڵوێستێکی سیاسی ناوی برد.
بەرپرسی ئەنجوومەنی کۆچبەران لە هەرێمی نۆرد راین ڤێستفاڵن رایگەیاند، "ئەمە نیگەرانییەکی گەورەیە و ترسی ئەوە هەیە پێداچوونەوە بە دۆسیەی کۆچبەرانی سووریادا ببێتە هۆی لێسەندنەوەی مافی پەنابەری لە زۆرینەیان. بە دڵنیاییەوە ئەمە تەنها کارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو بڕیارێکی سیاسییە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی ژمارەی پەنابەرانە."
هەروەها بیرگیت ناویوکس ئاماژەی بەوەش کرد، پێداچوونەوە بە دۆسیەکاندا و هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوە، کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر تێکەڵاوبوونی کۆچبەران بە کۆمەڵگەی ئەڵمانی و چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لە ئەڵمانیا نزیکەی 415 هەزار هاووڵاتیی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەژین، کە کار ناکەن و سوودمەندن لە هاوکارییەکانی دەوڵەت. حکومەتی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، هۆکاری سەرەکیی ئەم پڕۆسەی پێداچوونەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەوڵدەدات باری قورسی ئابووری لەسەر خۆی سووک بکات.




