رووداو دیجیتاڵ
سێ هاونیشتمانی لە پۆرتوگال بەشدارییان کردووە لە لووتکەیەکی تایبەت بە ژنانی سەرکردە لە جیهان. ئامانجی ئەو بەشدارییە، گەیاندنی دەنگی ژنی کورد و خستنەڕووی توانای سەرکردایەتییانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ئاورنگ شاوەیس-هۆخندۆرن، یەکێکە لەو سێ خانمە کوردەی وەک نوێنەری فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرا لەو لووتکە جیهانییەدا ئامادە بووە و لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ئەمجارەی دیاسپۆردا روونیکردەوە کە ئەو لووتکەیە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری ژنی سەرکردە، بڕیاردەر و چالاکڤان لە سەرتاسەری جیهانەوە کۆدەکاتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، ژنەکان لەوێ گفتوگۆ دەکەن لەسەر پرسە گرنگەکانی تایبەت بە یەکسانیی جێندەری، مافەکانی ژنان و رۆڵی ژن لە بەدیهێنانی ئاشتیدا.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، خانمان لە کۆبوونەوەکانیاندا باسی ئەجێندای لووتکەکە و ئەو ئاستەنگانەیان کردووە کە رووبەڕووی ژنانی سەرکردە دەبنەوە.
ئاورنگ شاوەیس لەسەر گرنگیی بەشداریکردنی کورد لەو جۆرە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییانەدا گوتی، "ئێمە لێرەین بۆئەوەی کارەکانمان و ئەجێندای خۆمان وەک ژنانی کورد بخەینەڕوو."
ئاورینگ دەڵێ، ژنی کورد چیرۆکی سەرکەوتنی زۆری هەیە کە پێویستە بە جیهان بناسێندرێ.




