رووداو دیجیتاڵ
ئاراس محەممەد عەلی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی دهۆکە، بڕیاری داوە بە ئۆتۆمبێلەکەی کە هەڵگری تابلۆی دهۆکە، بە هەموو جیهاندا بگەڕێ. ئەو هاونیشتمانییە تاوەکو ئێستا چووەتە 33 ویلایەتی ئەمریکا و 63 وڵاتی جیهانی کردووە. ئامانجیشی ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2030 تەواوی وڵاتانی جیهان بەسەر بکاتەوە و ناوی خۆی لە کتێبی گینسدا تۆمار بکات.
گەشتەکەی ئاراس تەنیا گەشتێکی ئاسایی نییە بۆ بەسەربردنی کات. ئەو هاونیشتمانییە بۆ هەر شوێنێک چووبێت، ئاڵایەکی کوردستانی لێ چەسپاندووە و چیرۆکی نەتەوەکەی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە گێڕاوەتەوە.
لە یەکێک لە وێستگە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی گەشتەکەیدا، ئاراس چووەتە شاری ئوشوایا لە ئەرجەنتین کە بە خاڵی کۆتایی جیهان ناسراوە و دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری گۆی زەوی.
ئاراس لەو شارە دوورەدەستەدا هەنگاوێکی کەموێنەی ناوە و سەبارەت بە گەشتەکەی، بە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی رووداوی گوت، "لە یەکی مانگی پێنجی ساڵی رابردووەوە لە دهۆک بەڕێکەوتووم. زیاتر لە 30 هەزار کیلۆمەترم بڕیوە. لە ئوشوایا لە ئەرجەنتین، پارچەیەک زەویم بە رووبەری حەوت مەتر کڕی، تەنیا بۆئەوەی ئاڵای کوردستانی لێ دابنێم."
ئەو هەنگاوەی ئاراس بووەتە جێگەی سەرنجی زۆر لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئاراس دەڵێ، بەو کارەی دەیەوێ پەیامی ئاشتی و بوونی کورد بە جیهاندا بڵاو بکاتەوە.
ئاراس ئاماژە بەوە دەکات، دەیەوێ گەشتەکەی ئیلهامبەخش بێت بۆ گەنجانی دیکەی کورد کە دەتوانن بە ئیرادەوە سنوورەکان ببڕن.
بڕیارە گەشتەکەی ئاراس تاوەکو گەیشتنە زیاتر لە 180 وڵات بەردەوام بێت.



