رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە ئەڵمانیا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی شاری ئۆڵدنبۆرگ لە هەرێمی نیدەرزاکسنی ئەڵمانیا، چوار کوردی ئێزدی توانییان ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەو شارە.
دارا باکۆ، یەکێکە لە بەربژێرە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنەکە، لە بەرنامەی دیاسپۆرا رایگەیاند، "ئەمە شتێکی مێژوویی و پیرۆزە بۆ هەموومان. لە 5 ساڵی رابردوودا هیچ نوێنەرێکمان نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ چوار کوردی ئێزدی لە ئەنجوومەنی شارەوانیی ئۆڵدنبۆرگن."
سەبارەت بە پشتیوانیی هاووڵاتییانی شارەکە و کوردی دیاسپۆرا، دارا باکۆ گوتی، "خەڵکی ئۆڵدنبۆرگ و کوردی ناوچەکە زۆر هاوکارمان بوون و رۆیشتن دەنگی خۆیان دا. ئەم سەرکەوتنە، سەرکەوتنی هەموو ئۆڵدنبۆرگ و کوردانی ئێزدییە."
بەپێی ئامارەکان، 28%ی دانیشتووانی شاری ئۆڵدنبۆرگ پاشخانی کۆچبەرییان هەیە و رێژەیەکی بەرچاویان کوردانی ئێزدین.
سەبارەت بە بەرنامە و کارەکانیان لە ئەنجوومەنی شارەوانی، دارا باکۆ ئاماژەی بە پڕۆسەی تێکەڵبوونی پەنابەران و بابەتی تێکەڵبوون کرد و رایگەیاند، "بۆ ئێمە فێربوونی زمان، دابینکردنی هەلی کار و خانوو بۆ پەنابەران گرنگە و کاری لەسەر دەکەین. هەروەها رێگریکردن لە دیپۆرتکردنەوەی ئەو گەنجە ئێزدییانەی کە لەدوای رووداوەکانی ساڵی 2014 روویانکردووەتە ئەڵمانیا."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دارا باکۆ جەختی لەسەر رۆڵی رێکخراوە کوردییەکان کردەوە و گوتی، "ماڵی ئێزدییان لە ئۆڵدنبۆرگ رۆڵێکی زۆر سەرەکیی هەبوو وەک پردێک لەنێوان ئێمە و هاووڵاتییان بۆ ئەوەی دەنگ بەدەستبهێنین."
لە کۆتاییدا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئۆڵدنبۆرگ ئاماژەی بە پاراستنی ژینگە کرد و رایگەیاند، کار دەکەن بۆ سەوزکردنی ناوەندی شار و سوودوەرگرتن لە وزەی پاك لەبری نەوت و گاز بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.




