رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوێد دا، زۆرترین ژمارەی بەربژێری کورد بەشدارییان کردووە، تاوەکو ئێستاش یەکلاکردنەوەی ناوی سەرکەوتووەکان بەردەوامە. شارەزایەکی راگەیاندنی سوێدیش ئاماژە بەوە دەکات، چاوەڕوان دەکرێت 4 بۆ 5 بەربژێری کورد بگەنە پەرلەمان.
شاهۆ موانی، بەڕێوەبەری بەشی زمانە بیانییەکانی رادیۆی سوێد لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی دیاسپۆرا رایگەیاند، "تاوەکو رۆژی یەکشەممە دەبێت چاوەڕێ بکەین بۆ ئەنجامی کۆتایی، چونکە لە سوێد سیستمێک هەیە کە دەنگدەر دەتوانێت راستەوخۆ دەنگ بە بەربژێرێک بدات نەک تەنیا لیستەکە."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو بەربژێرە کوردانەی چانسی سەرکەوتنیان هەیە، شاهۆ موانی گوتی، "بەپێی ئامارەکان، ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن 7 کورد سەرکەوتوون راست نین، بەڵکو دەتوانین بڵێین دەوروبەری 4 بۆ 5 بەربژێری کورد چانسی بەهێزی سەرکەوتنیان بۆ پەرلەمان هەیە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موانی ئاماژەی بە ناوی چەند بەربژێرێک کرد کە پاشخانی سیاسییان هەبووە، لەوانەش قادر کاسرگە لە پارتی سۆسیال دیموکرات، لاوین رێدار لە پارتی سۆسیال دیموکرات، سارا لە پارتی لیبراڵەکان و شوان کەریم لە پارتی ژینگە.
سەبارەت بە کاریگەریی دەنگی کۆچبەران و نەتەوە جیاوازەکان لەم هەڵبژاردنەدا، بەڕێوەبەری بەشی زمانە بیانییەکانی رادیۆی سوێد ئاشکرای کرد، بەشداریی کۆچبەران رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە، "رێژەی بەشداری لەو گەڕەک و ناوچانەی بیانییەکانی تێدا نیشتەجێن بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو زۆر هەڵکشابوو؛ بۆ نموونە لە شارەوانیی مالمۆ لە هەندێک بنکە پێشتر رێژەکە لە خوار 50% بوو، بەڵام ئەمجارە لە هەموو بنکەکاندا سەرووی 50% بوو، کە زۆربەی ئەو دەنگانەش بۆ بەرەی چەپ و سەوزەکان رۆیشتبوون."
سەبارەت بە شێوازی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سوێد و ئاڵۆزییەکانی نێوان بەرەکان، شاهۆ موانی ئاماژەی بەوە دا، جیاوازیی نێوان بەرەی راست و بەرەی چەپ تەنیا 3 کورسییە و روونی کردەوە، "بەهێزترین سیناریۆ ئەوەیە کە سۆسیال دیموکراتەکان، پارتی ژینگە و پارتی ناوەند حکومەت پێکبهێنن، پارتی چەپیش پشتیوانییان بکات، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی رێککەوتنەکان رەنگە پێکهێنانی حکومەت کاتێکی زۆری پێبچێت."




