رووداو دیجیتاڵ
لە دانیمارک خانمێکی دەنگخۆش هەیە، کاتێک دەچێتە سەر ستەیج دانیمارکییەکان بە گۆرانییە کوردییەکانی دەهەژێنێت. ئەو خانمە ناوی لونا ئەرشاهینە، لە دایکێکی دانیمارکی و باوکێکی کورد لەدایکبووە.
دەقی هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا لەگەڵ لونا ئەرشاهین، گۆرانیبێژی کوردستانی و دانیمارکی:
هێمن عەبدوڵڵا: پێش هەموو شتێک، حەز دەکەین بزانین خەڵکی کام پارچەی کوردستانیت، ئەو دەنگە خۆشە و ئەو هونەرە لە کوێوە هاتووە؟
لونا ئەرشاهین: زۆر سوپاس. پێش هەموو شتێک، سوپاس. باشە، باوکم خەڵکی گوندێکی بچووکە بەناوی گەپسان یان یایلاچک لە دەرەوەی شاری چۆروم. کەواتە زۆرتر دەکەوێتە باکووری تورکیاوە، بەڵام ئێمە نازانین ئایا ئێمە خەڵکی دێرسیمین یان خەڵکی مەلاتیاین، بەڵام باکووری کوردستانە.
هێمن عەبدوڵڵا: بیستم پێشتر ئاماژەت بەوە داوە کە هەستت بە سەرلێشێواوی کردووە سەبارەت بە ناسنامەکەت لەکاتی گەورەبوون لەنێوان دانیمارک و با بڵێین کولتووری کوردی. چۆن هەڵگرتنی باغلەمە و گوتنی مۆسیقای کۆن یارمەتیی دایت بۆ چارەسەرکردنی ئەو ململانێ نێوخۆییە؟
لونا ئەرشاهین: ئەوە زۆر گرنگ بووە بۆ من، چونکە لە رێگەی زمان و میوزیکەوە، تۆ زیاتر لە کولتوورەکەت نزیک دەبیتەوە، وایە؟ بۆیە من ئەزموونێکی زۆر گرنگم هەبوو بە فێربوونی باغلەمە و گۆرانی گوتن بە کوردی و تێگەیشتن لە خۆم. هەرچەندە من دایکم دانیمارکییە و باوکم کوردە، بەڵام من 50 بە 50 نیم، بەڵکو 100 بە 100م!
هێمن عەبدوڵڵا: تۆ ئێستا فێری کوردی دەبیت و دەتوانیت بە کوردیش قسە بکەیت، چونکە ئێمە پێشتر بە کوردی قسەمان لەگەڵ یەکدی کرد. هەروەها کوردی زمانێکە کە تۆ لە قوتابخانە لە دانیمارک فێری نەبوویت. قورسترین شت و خۆشترین بەشی فێربوونی زمانی باوانت، وەک کەسێکی پێگەیشتوو، چی بووە؟
لونا ئەرشاهین: پێموایە ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، هەموو ژیانم گوێم لە مۆسیقای کوردی گرتووە. من لەوەدا پێگەیشتم کە پیشەگەرانە کوردی بەکاربهێنم. زانیم هەرچەندە قەت نەمدەتوانی بە فەرمی بە زمانەکە قسە بکەم و هێشتا فێر دەبم، بەڵام بە جۆرێک دەمزانی چۆن بە کوردی گۆرانی بڵێم. لە خوێنمدا بوو، دەزانیت؟
هێمن عەبدوڵڵا: لەنێو خوێنە کوردییەکەتدا؟
لونا ئەرشاهین: بەڵێ، رێک وایە. بۆیە ئەوە مانای وابوو کە زۆر ئاسان و خۆش بوو و تەنیا زۆر دڵخۆشی کردم. من فێری دانیمارکیش بووم و فێربوونی هەموو ئەو شتانە زۆر زۆر مانادار بووە بۆ من.
هێمن عەبدوڵڵا: دەرکەوتنە خێراکەت لە رێگەی گوتنەوەی گۆرانییە کۆنەکەی ئەز کەڤۆکم بوو. لە ئینتەرنێت بینیم زۆر بڵاوبووەتەوە! هەمووان لێیدەدەن و لەگەڵ یەکدی شەیری دەکەن. باشە بۆچی بەتایبەتی ئەو گۆرانییە بەو شێوەیە کاریگەریی قووڵی لەسەر بینەری کورد لە جیهاندا هەبوو؟ بۆچی حەزیان لێیەتی؟
لونا ئەرشاهین: پێموایە لەبەر ئەوەیە کە من لە کەمپێکی میوزیک بووم لە چیلـلی و کاتێک کورد ئەو ڤیدیۆیەیان بینی، گوتیان واو. خەڵک لە چیلـلی بە کوردی گۆرانی دەڵێن! چۆن ئەوە روویدا؟ پێموایە ئەوان بیریان کردەوە کە ئەوە کاریگەرە و سەرنجڕاکێشە کە لەوپەڕی چیلـلی خەڵک گۆرانی بە میوزیکی کوردییەوە دەڵێن. دواتریش پێموایە گۆرانیی کەڤۆکم زۆر خۆشە.
هێمن عەبدوڵڵا: کەمێک سەبارەت بە (ئای-سەی AySay) قسەم بۆ بکە. ئای-سەی، پێموایە.. پێم بڵێ.. بەڵێ، سەبارەت بەوەم پێ بڵێ...
لونا ئەرشاهین: ئای-سەی گۆڕەپانی یاریی منە.. گۆڕەپانی یاریی میوزیکی. پێکەوە لەگەڵ دوو هاوڕێی دانیمارکی، 10 ساڵ لەمەوپێش دەستم بەو گرووپە کرد. ئەوە لە بنەڕەتدا گرووپێکە تێیدا هەوڵدەدەین پاشخانەکەم پێکەوە گرێ بدەین. بۆیە بە کوردی و دانیمارکی و تورکی گۆرانی دەڵێم. من باغلەمە دەژەنم، هەروەها درەمز و بەیس و گیتاریشمان هەیە. ئێمە لە سەرتاسەری جیهان لەگەڵ ئەو گرووپەدا میوزیک دەژەنین. ئەوان ئێستا وەک خێزانی منن.
هێمن عەبدوڵڵا: گۆرانیی ئەز کەڤۆکم (با بڵێین ڤێرژنی ئای-سەیەکە) وایە؟ تێکەڵەیەکە لە تێکستی دانیمارکی لەگەڵ کوردی. پرۆسەی داهێنەرانە لەپشت تێکەڵکردنی ئەو دوو زمانە جوانە چی بوو؟ مەبەستم زمانەکانی دانیمارکی و کوردی لەنێو یەک گۆرانی و چیرۆکدا..
لونا ئەرشاهین: دەمەویست ئەو گۆرانییە زۆر کۆنە گرێ بدەم بەوەی کە لەگەڵ گوتنیدا گەورە بوومە. بەو شێوەیە هەوڵمدا شتێک دروست بکەم کە لە من بچێت. دواتر لەگەڵ ئاوازەکانی هاوڕێیانی گرووپەکەمان هەوڵمدا دەنگێکی نوێ دروست بکەم، بۆئەوەی ببێتە شتێک کە وەک میوزیکی ئێمە بێت. بۆیە پێموایە ئەو تێکەڵەیە وەک شتێک نییە کە من بیکەم لەبەر ئەوەی ئەوە ئەوەیە! بەڵکو ئەوە منم! ئەوە ئەو شێوەیەیە کە پێی گەورە بووم.
هێمن عەبدوڵڵا: تۆ هاوکاریت لەگەڵ تۆبیاس رەحیمیش هەیە. تۆبیاس رەحیم لەنێو دیاسپۆرای کوردستان بەتایبەتی ناسراوە. ئەوە مانای چی بوو بۆ تۆ؟ مەبەستم بۆ گوتنی گۆرانییەک، راستەوخۆ لەسەر شانۆ، لەگەڵ ئەو هەموو خەڵکەدا و تۆبیاس رەحیمیش لەتەنیشتتەوە.
لونا ئەرشاهین: زۆر جوان بوو! هەمیشە زۆر جوانە. من رێزێکی زۆرم بۆ تۆبیاس هەیە و ئێمە هەمان پاشخانمان هەیە. ئەویش دایکی دانیمارکییە و باوکی کوردە. ڤیدیۆیەک لە یوتیوب هەیە کە هەموو خەڵکەکە مۆبایلەکانیان دەردەهێنن و هەموو گڵۆپەکان هەڵدەبن. دەتوانیت لە باکگراوندەکەدا من ببینی کە تەنیا دەگریم. چونکە زۆر کاریگەر بوو! ئەو ساتە بینیم کە ئەو هەموو خەڵکە دانیمارکییە لەوێن. وەک ئەوەی بڵێن: سڵاو ئێمە دەتانبینین!
هێمن عەبدوڵڵا: لونا تۆ حەوت زمان بە پاراوی دەزانیت.. حەوت زمان و بە کورمانجی یان کوردیشەوە دەبێتە هەشت. وایە؟ بەڵێ هەشت. چۆن گۆڕین لەنێوان ئەو هەموو زمانەدا کاریگەریی لەسەر ئەو شێوەیە هەیە کە تێکست دەنووسیت و هەستەکانت دەردەبڕیت. چونکە ئەمانە زۆر زمانن! دەزانی، منیش چەند زمانێک دەزانم و هەمیشە زۆر بۆم ئاسان نییە لەنێوان زمانەکاندا بێم و بچم. چونکە تەنیا وشەگۆڕین نییە، بەڵکو کولتووریشە. شێوازی گوزارشتکردنە لە خۆت. وایە؟ چۆن ئەوە لەنێو میوزیکەکەتدا وەردەگێڕیت؟
لونا ئەرشاهین: پێموایە ئەوەیە کە وا دەکات هونەر زۆر سەرنجڕاکێش بێت. کە تۆ بە جیاواز گوزارشت لەخۆت دەکەیت، هەندێک هەست لە زمانێکدا ئاسانترە گوزارشتی لێ بکرێت وەک لە زمانێکی دیکەدا. من زۆر شت دەکەم. هەندێکجار زۆر قورسە بۆم لە زمانێکەوە بچمەوە سەر زمانێکی دیکە. بەڵام لە میوزیکەکەمدا بەڕاستی چێژ لە بەکارهێنانی دەبینم. دەزانم چۆن شیعر لە ئەمریکای باشوور دەئافرێنن، چۆن بە ئیسپانی گوزارشت لە خۆشەویستی دەکەن، چۆن بە سوێدی گوزارشت لە خۆشەویستی دەکەن. ئەوە زۆر زۆر سەرنجڕاکێشە بۆ من کە وەک هونەرمەندێک بەکاریبهێنم. چەندەش زۆرتر فێری زمانێک ببیت، وەک ئەوەی دەڵێیت، تۆ فێری کولتوورێکیش دەبیت. فێری بەشێکی نوێی خۆت دەبیت، وەک مرۆڤێک. تێدەگەیت! دەتوانم ئاواش دەنگ بدەمەوە یان دەتوانم ئاواش هەست پێبکەم. ئەمە ئەوەیە کە بەڕاستی خۆشمدەوێت.
هێمن عەبدوڵڵا: دەزانین کە میوزیک و هونەرەکەت وەک، با بڵێین هاوسەرگیرییەکی سەرسوڕهێنەری نێوان کولتوورە سەردەمییەکان و شێوازەکان پەسن دراوە. چۆن هاوسەنگیی نێوان ئەو کولتوورانە رادەگریت؟ دەزانیت مەبەستم لەنێوان بەرهەمهێنانی پۆپ لەگەڵ میوزیکە کۆنە کوردییەکان و ئەناتۆلیادا! پێم وایە ئەوە ئاسان نییە. وایە؟
لونا ئەرشاهین: گومانی تێدا نییە کە هونەر و میوزیک هەرگیز ئاسان نین. چونکە بژارەی زۆرت لەبەردەستدایە و پێویستی بە تەرکیزێکی زۆرە، بەڵام بۆ من ئەمە تەنیا ئەو زمانانەن کە پێیان گەورە بووم. بۆیە ئەو گۆرانییەی دەیڵێم دەربڕینێکە کە لە دڵمەوە دێت. ئەمە ئەو شێوەیەیە کە من بە جۆرێک تەنیا بە هەوڵدان، تاقیکردنەوە و هەڵەکردنی دووبارە و دووبارە دەیکەم. دەزانم کە هەندێککەس زۆرتر حەزیان لەمە یان ئەوەیە، بەڵام من تەرکیز دەخەمە سەر ئەوەی کە لەدڵمەوە دەردەچێت.
هێمن عەبدوڵڵا: وێستگەیەکی زۆر تایبەتیش لە ژیانی هونەریتدا هەیە. تۆ هەڵبژێردراویت بۆ دامەزراوەی هونەریی دانیمارکی. نازانم باش دەریدەبڕم؟ دێن ئونگە کونستنەریسکە ئیلیتە. وایە؟
لونا ئەرشاهین: زۆر باشە! زۆر باشە! بەڵێ.
هێمن عەبدوڵڵا: باشە، سوپاس. چۆن ئەوە کاریگەریی هەبوو لەسەر تۆ و دیدگاکەت. هەروەها شێوازی کارکردنت؟ با بڵێین لەگەڵ ئای-سەی-دا؟
لونا ئەرشاهین: ئەوە یارمەتیی زۆری دام بۆئەوەی بتوانم بخوێنم و کات بۆ نووسینی میوزیک تەرخان بکەم. هەروەها بۆئەوەی لە رێڕەوی کاریم تێبگەم. بەوەی کە من لەو رێڕەوەدا چیم دەوێت. هەروەها چۆن دەتوانم ئەوە بەدەستبهێنم؟ چۆن دەتوانم باشتر ببم لە دروستکردنی ئەو ژیانە بۆ خۆم. پێموایە ئەوە بەڕاستی یارمەتیدەر بوو. بەڕاستی ئەوە یارمەتیدەر بوو، چونکە ئەو یارمەتییانە دەرفەتت پێدەدەن بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونانەی هەتە.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەوە راستە.. ئەی هیچ پلانێکت هەیە سەردانی کوردستان بکەیت؟ مەبەستم باشووری کوردستان یان هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی لەوێ بەرهەم پێشکەش بکەیت. واتە کۆنسێرتت هەبێت. چونکە هەوادارێکی زۆرت هەیە.
لونا ئەرشاهین: بێگومان.. ئەوە خەونێکی گەورەیە. زۆر حەز دەکەم بچمە هەولێر و سلێمانی. زۆر حەزدەکەم نەورۆزیش ببینم. هیوادارم رۆژێک لە رۆژان بچم. پێموایە بەمزووانە.
هێمن عەبدوڵڵا: دەزانیت بەپەرۆشم بزانم کاردانەوەی فۆڵۆوەرەکانت، بینەران، بینەرانی کورد، بەتایبەتیش گەنجانی دیاسپۆرا، گەنجانی کورد چییە لەسەر تۆ. چیت لەوانەوە پێدەگات؟
لونا ئەرشاهین: کاردانەوەکان زۆر تێکەڵن. بۆ هەندێککەس من کە ئاوا دیارم، بەو شێوەیە گۆرانی دەڵێم و بەو شێوەیە میوزیک دروست دەکەم.. واتە ئەوەی کە دەیکەم، وا دیارە بۆ هەندێککەس ئەوە راست نییە. بۆ کەسانی دیکەش ئەوە دەربڕینێکە کە ئازادە و ئیلهامبەخشە بۆیان. پێموایە زۆرتریان بۆم بەپەرۆشن. دەزانیت ئەوان وا بیر دەکەنەوە و دەڵێن: بوەستە، ئەم ژنە دانیمارکی و کوردە لە دانیمارک گۆرانی دەڵێت. هەوڵدەدات زۆرتر لە کولتوورەکەمان نزیک ببێتەوە و لە دیدگای خۆیەوە هاوبەشی پێ بکات. ئەوە بۆ من تەنیا شتە کە دەتوانم بیکەم. دەتوانم تەنیا ببم بە خۆم و کورد بم. بەو شێوەیەی کە هەم. بەشێوەیەک کە رەسەن و ئازادانە گوزارشت لە خۆم بکەم. بەڵێ. بۆیە بەڕاستی چێژی لێ دەبینم. بەڕاستی ئەمەم خۆشدەوێ.
هێمن عەبدوڵڵا: تۆ کارێکی نایاب دەکەیت و پەرە بە کولتووری کوردی دەدەیت. شانازیت پێوە دەکەین لونا! زۆر سوپاس.
لونا ئەرشاهین: سوپاس. سوپاس. رۆژ باش، سوپاس.



