رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی کوردی خەڵکی کەرکووک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێتە بەڕێوەبەری پۆلیسی رێککاری (Marshal Chief) لە شارێکی ویلایەتی جۆرجیا و ئەرکی دامەزراندنی دەزگایەکی نوێی جێبەجێکردنی یاسای لەسفرەوە پێدەسپێردرێت.
ئەرکی سەرەکیی ساڵەیی لەم پۆستە نوێیەدا ئەوەیە کە بنکەی پۆلیسی رێککاریی شارەکە لەبنەڕەت و لەسەرەتاوە بنیات بنێتەوە، کە تایبەت دەبێت بە چاودێریکردن و جێبەجێکردنی یاسا و رێساکانی پەیوەست بە شارەوانی.
رزگارکردنی ژنێکی بەتەمەن لەناو بڵێسەی ئاگردا
دەستنیشانکردنی محەممەد ساڵەیی بۆ ئەم پۆستە لەکاتێکدایە کە پێشینەیەکی پڕ لە ئازایەتی لە کەرتی جێبەجێکردنی یاسادا تۆمار کردووە؛ ساڵی 2023، کاتێک وەک پۆلیسی ئێشکگر لە شاری لاگرەینج لە ئەرکدا بوو، بەرەبەیانێکی زوو ئاگری گەورەی ماڵێک دەبینێت و ساڵەیی گوێی لە هاواری ژنێکی بەتەمەن دەبێت کە لەناو دووکەڵ و ئاگرەکەدا گیرساوەتەوە، ئەو دەچێتە ناو خانووە گڕگرتووەکە و ژنەکە بەسەلامەتی لە مردن رزگار دەکات. لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستە بوێرانەیەشی، خەڵاتی فەرمیی ئازایەتیی پێبەخشرا.
لە پاڵەوانی تایکواندۆی کەرکووکەوە بۆ ئەفسەری لە ئەمریکا
محەممەد ساڵەیی لەدایکبووی شاری کەرکووکی باشووری کوردستانە و هەر لەوێش گەورە بووە. ناوبراو پێش کۆچکردنی، وەرزشوانێکی کارا بووە و لە ساڵی 2013 لەسەر ئاستی پارێزگای کەرکووک، لە کێبڕکێکانی پاڵەوانێتیی یاریی تایکواندۆ پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
دوای کۆچکردنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەبواری جێبەجێکردنی یاسادا دەستی بەخوێندن کرد، پاشان چووە ناو ریزەکانی پۆلیس و پلەبەپەلە پۆستەکانی بڕی و بووە ئەفسەر، ئێستاش وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی رێککاریی شاری مانچێستەر دەستبەکاربووە و سەرپەرشتیی پێکهێنانی دەزگایەکی نوێی پۆلیس دەکات.



