رووداو دیجیتاڵ
دارا باکۆ، گەنجێکی کوردی ئێزدیی خەڵکی کۆمەڵگەی خانکێیە و لە شاری ئۆڵدنبۆرگی ئەڵمانیا لەسەر لیستی پارتی سەوز خۆی بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی بەربژێر کردووە؛ داوا لە کوردانی ئەو ناوچەیە دەکات پشتیوانیی بکەن.
دارا باکۆ، لە لیستی پارتی سەوزدا هەڵگری ژمارە دووە، بە دیاسپۆرای راگەیاند، "وەکو گەنجێک لەگەڵ پارتەکەم کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی شارەکە دەکەین. بەرنامەی کارمان تەرخانکراوە بۆ پاراستنی ژینگە، کرێی خانوو، زیادکردنی باخچەی ساوایان و باشترکردنی رەوشی قوتابخانەکان."
لەبارەی دۆخی پەنابەرانی کورد و بەتایبەتی کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیا، دارا باکۆ ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کاری ئەو، پاراستنی مافی پەنابەران دەبێت. گوتیشی، "بە جیددی هەوڵ دەدەین لە رێگەی شارەوانی و گوشارە سیاسییەکانەوە، رێگری لە دیپۆرتکردنەوەی ئێزدییەکان بکەین."
باکۆ داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە مافی دەنگدانیان لە شاری ئۆڵدنبۆرگ و دەوروبەری هەیە، بەشدار بن لە هەڵبژاردندا، تاوەکو دەنگی رەوەندی کوردی بگاتە ئەنجوومەنی شارەوانی.
زەکەریا گۆران بەربژێرە بۆ سەرۆکی شارەوانی
زەکەریا گۆران، هاونیشتمانییەکی نیشتەجێی ئەڵمانیایە و ئەندامی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیایە (CDU)؛ بۆ هەڵبژاردنی مانگی ئەیلوولی داهاتوو خۆی بەربژێر کردووە. زەکەریا، کێبڕکێ بۆ دوو پۆستی نێوخۆیی دەکات، دەیەوێت ببێتە سەرۆکی شارەوانیی باکووری شاری ڤۆلفسبۆرگ. هاوکات خۆی بۆ ئەندامێتیی ئەنجوومەنی شارەوانیی ڤۆلفسبۆرگ بەربژێر کردووە.




