رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بۆخومی ئەڵمانیا، هونەرمەند ئازاد هەلس ناوەندێکی تایبەت بە فێرکردن، دروستکردن و ژەنینی ئامێرە مۆسیقییە کوردییەکان، بەتایبەت تەمبوور بەناوى "ئازاد موزیک" دامەزراندووە، کە بووەتە پەناگەیەک بۆ رەوەندی کوردی و هەوادارانی هونەری کوردی لەو شارە و دەوروبەری.
ئازاد هەلس لەبارەی سەرەتای ئاشقبوونی بە هونەر و مۆسیقا دەڵێت، "تەمەنم 8 ساڵ بوو، کاتێک ئاشقی فۆلکلۆر بووم. لە منداڵی لە رۆژئاوای کوردستان، لەناو گرووپێکی فۆلکلۆری بەناوی (کۆما قامشلۆ) دەستم پێکرد، پاشان لەڕێگەی شانۆ و دیلان و مۆسیقاوە زیاتر چوومە ناو جیهانی هونەر."
هەلس رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2013دا رۆژئاوای کوردستانی جێهێشتووە و رووی لە باشووری کوردستان کردووە، هەستی بە پێویستیی خوێندنی ئەکادیمی کردووە، "لە باشوور درکم بەوە کرد کە دەبێت زیاتر بەردەوام بم. رووم لە تورکیا کرد و بەشی موزیکم لە زانکۆ تەواو کرد، ئەوەش هاوکاریی کردم بۆ تێگەیشتن لە ئامێرەکان."
لەبارەی ئامانجی ناوەندەکەی لە ئەڵمانیا، ئازاد هەلس ئاماژە بەوە دەکات، "پاش تەواوکردنی خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامە، بڕیارم دا ناوەندێکی تایبەت بە ناوی (ئازاد موزیک) بکەمەوە. ئامانجمان تەنیا گوتنەوەی وانە نییە، بەڵکو دەمانەوێت شوێنێک بێت بۆ کۆبوونەوەی هۆگرانی کولتوور و هونەری کوردی، تاوەکو رەوەندی کوردی لە ئاوارەییشدا ئاواز و مۆسیقای وڵاتی خۆیان لەبیر نەکەن."
سەبارەت بە داواکارییەکان و کاردانەوەی خەڵک ، ئەو هونەرمەندە گوتی، "لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داواکاریی زۆرمان بۆ دێت، نەک تەنیا لە ئەڵمانیا و ئەورووپا، بەڵکو لە ئەمریکا، ئوسترالیا و تەنانەت چینیشەوە داوای ئامێری تەمبوور و فێربوونی مۆسیقای کوردی دەکەن. ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانمان."
ئازاد هەلس جەخت لەسەر خەونەکانی دەکاتەوە و دەڵێت، "خەونی سەرەکیم ئەوەیە پەرتووک و ئامرازی فێرکاریی ئەکادیمی بە زمانی کوردی بۆ ئامێری تەمبوور ئامادە بکەم، تاوەکو نەوەی نوێ بتوانن بە رێگەیەکی زانستییانە فێری مۆسیقای رەسەنی خۆیان ببن و ئەم خزمەتە بۆ نەتەوەکەم بەردەوام بێت."




