رووداو دیجیتاڵ
پێش 10 ساڵ لە ئەڵمانیا، کاتێک ناتالیای کچە گەنجی پۆڵۆنی و ماهیر رەمۆی کوڕە کوردی خەڵکی کۆبانێ یەکدییان بینی، هیچ زمانێکی هاوبەش لەنێوانیاندا نەبوو بۆ لەیەکدی تێگەیشتن، بەڵام زمانی دڵ لە هەموو بەربەستەکان بەهێزتر بوو؛ ئەوان لە رێگەی بەرنامەی "گووگڵ تراسنلێت"ەوە دەستیان بە گفتوگۆ کرد و چیرۆکی خۆشەویستییەکەیان دەستی پێکرد.
ناتالیا، کە بە گوتەی خۆی سەرەتا ئاشقی برۆکانی ماهیر ببوو، ساڵانێکی زۆر لە رێگەی وەرگێڕانی سەر شاشەی مۆبایلەکەیەوە لەگەڵ ماهیردا بەردەوام بوو. بەردەوامیی ئەم ئەشقە وای لێکردن هەردووکیان هەوڵ بدەن و زمانی ئەڵمانی فێربن، تاوەکو لە کۆتاییدا خەونەکەیان هاتەدی و هاوسەرگیرییان کرد.
ئەم خۆشەویستییە لێرەدا نەوەستا؛ ناتالیا تەنها نەبووە هاوسەری کوڕە کوردێک، بەڵکو ئاشقی کولتوور و زمانی کوردییش بوو. ئەو ئێستا خەریکی فێربوونی زمانی کوردییە و دەڵێت، دڵی نەک هەر بۆ ماهیر، بەڵکو بۆ کوردستانیش لێدەدات. ئەوان پێکەوە سەردانی هەولێر، کۆبانێ و قامیشلۆیان کردووە.
نە جیاوازیی کولتوور و نە ئایین، هیچیان نەبوونە رێگر لەبەردەم دروستکردنی خێزانەکەیان، ئێستا بەختەوەرانە لە ئەڵمانیا پێکەوە دەژین و خاوەنی دوو منداڵن. چیرۆکەکەیان بووەتە بەڵگەی ئەوەی کە خۆشەویستیی راستەقینە هەموو سنوورەکان دەبڕێت.




