رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی سوێد، رەوەندی کوردی لەو وڵاتە بە ئامادەییەکی زۆرەوە خۆی ئامادە دەکات. بەپێی زانیارییەکانی بەرنامەی (دیاسپۆرا)، زیاتر لە 200 بەربژێری کورد لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی سوید کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە ئاستەکانی پەرلەمان، ئەنجوومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکاندا دەکەن.
یەکێک لە بەربژێرە دیارەکان گولان ئاڤچییە، کە سەرکردەیەکی ناسراوی پارتی لیبراڵەکانە و بەربژێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ستۆکهۆڵمی پایتەخت.
گولان ئاڤچی، کە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی سوێد بووە و بڕیاری پاشەکشەی لە سیاسەت دابوو، دوای کشانەوەی یان یۆنسن گەڕایەوە مەیدانەکە بۆ ئەوەی ڕابەرایەتیی لیبراڵەکان لە پایتەخت بکات، ئەگەرچی ڕاپرسییەکان چانسی بۆ بردنەوەی پۆستەکە بە لاواز نیشان دەدەن.
گولان ئاڤچی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمیی سوید باسی لەو باجە گەورەیە کرد کە لە بەرامبەر کارکردنی لە سیاسەتدا داویەتی و گوتی: "هەڕەشەی کوشتنی منداڵەکانیان لێکردووم و بە خۆشیان گووتووم خۆشت زۆرت نەماوە ماڵئاوایی لە ژیان بکەیت."
لەلایەکی دیکەوە، لە شاری ئۆرێبرۆ، سیران عەسکەری کە هاونیشتمانییەکی خەڵکی باشووری کوردستانە و زیاتر لە 37 ساڵە لە سوید دەژیت، بۆ پەرلەمان، ئەنجوومەنی هەرێمەکان و شارەوانی خۆی کاندید کردووە.
سەیران عەسکەری لەبارەی ئامانجی بەشداریوونی لە سیاسەت بە دیاسپۆرای راگەیاند: "زۆر بڕیار لە دامودەزگاکان دەردەچوون کە پێم باش نەبوون و رەخنەم لێیان هەبوو، ئەوەش بووەهۆی ئەوەی بچمە ناو سیاسەتەوە. بەرپرسیارێتیی ئێمە لە سوێدییەکان قورستره، چونکە لەنێوان دوو کولتووری جیاوازدا دەژین."
عەسکەری جەختیشی لەسەر گرنگیی رۆڵی بەربژێرە کوردەکان کردەوە و گوتی: "ئێمە پێویستمان بە رێنماییکردن و چاوساخیکردنە بۆ رەوەندی کوردی و پەناخوازان تاوەکو لە یاساکان تێبگەن و تێکەڵی کۆمەڵگەی سوێدی ببن. ژمارەی کوردی ئێرە زۆرە و بەشداریکردنمان پێگەی خۆمان بەهێزتر دەکات."
نزیکەی 170 هەزار کورد لە سوید دەژین، کە دیاسپۆرایەکی گەورەی کوردییە لە ئەورووپا.
لە سوێد دەنگی کورد یەکلاییکەرەوە دەبێت؟
ململانێ سیاسییەکانی پەرلەمانی سوێد، لە ساڵی 2021دا هێزی دەنگی تاکە پەرلەمانتارێکی کوردی نیشاندا. کاتێک ئامینە کاکەباوە، پەرلەمانتاری کوردی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەنگە یەکلاییکەرەوەکەی خۆی ماگدالینا ئەندرسۆنی کردە یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
ئێستا و لە بەردەم هەڵبژاردنە گشتییەکانی 11ی ئەیلوولدا جارێکی دیکە دیاسپۆرای کوردی لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە رۆڵی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی سوید دەگێرێت.
لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2021دا ئامینە کاکەباوە بەبێ داواکردنی پۆستی وەزاری یان ئیمتیازی دارایی، هاوکێشەی دەسەڵاتی لە ستۆکهۆڵم گۆڕی و سەلماندی کە دەنگی کورد لە دیاسپۆڕا تەنیا ئامرازێکی سیمبوولی نییە.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 13ی ئەیلوول، هاووڵاتییانی سوێد لە یەک رۆژدا دەنگ بۆ سێ هەڵبژاردنی جیاواز بدەن: پەرلەمان، ئەنجوومەنی هەرێمەکان و شارەوانییەکان. ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی گشتییە، دوای کۆتاییهاتنی 112 ساڵ لە بێلایەنیی سەربازیی ئەو وڵاتە و چوونە ناو هاوپەیمانیی ناتۆ.
بەپێی دوایین راپرسییەکان، هەردوو بلۆکی چەپ و راستی سوێد ململانێیەکی سەخت دەکەن و رێژەی پشتگیریی هەردوولا نزیکەی 46٪ە. لە دۆخێکی وەها کە سەرکەوتن بە چەند هەزار دەنگێک یەکلایی دەبێتەوە، پێگەی دیاسپۆرای کوردی لە سوێد کە ژمارەیان نزیکەی 170 هەزار کەس مەزەندە دەکرێ، دەبێتە قورساییەکی گەورەی سیاسی.
لە لیستە جیاوازەکاندا چەندین بەربژێری کورد بەشدارن، لەوانە قادر کاسرگا، پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکراتەکان کە یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی کورد و بە تایبەتی رۆژئاوای کوردستان.
ژمارەیەکی زۆری کورد لە شارە گەورەکانی سوێد نیشتەجێن. بەپێی یاساکانی دەنگدان لەو وڵاتە، هەر کەسێک وڵاتینامەی سوێدی هەبێت مافی بەشداری لە هەرسێ هەڵبژاردنەکەدا هەیە و ئەوانەی سێ ساڵە لەو وڵاتە دەژین، دەتوانن لە هەڵبژاردنی هەرێمی و شارەوانییەکاندا دەنگ بدەن. دەنگدانی پێشوەختە دەستیپێکردووە و باڵیۆزخانەکانیش ئامادەکارییان بۆ پڕۆسەکە کردووە.
