رووداو دیجیتاڵ
لە بەریتانیا ماڵباتێکی کوردی خەڵکی باشووری کوردستان کە خاوەنی منداڵێکی گومانلێکراو بە ئۆتیزمن، بەهۆی بارودۆخی تەندروستییەوە داوای پێدانی خانوویەکی گەورەتریان لە شاری ئۆکسفۆرد کردبوو، بەڵام دادگەی باڵای بەریتانیا تانەکەیانی رەتکردەوە.
ئەو ماڵباتە کوردە کە لە ژن و مێردێک و سێ منداڵ پێکدێن، لە خانوویەکی بچووکی دوو ژووریدا لە شاری ئۆکسفۆرد دەژین. بەگوێرەی زانیارییەکانی دۆسیەکە، یەکێک لە منداڵەکانیان کە کوڕێکی تەمەن هەشت ساڵەیە، لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و گومان دەکرێت تووشبووی ئۆتیزم بێت. هاوکات دایکی منداڵەکانیش بەدەست خەمۆکیی پاش منداڵبوون و کێشەی دەروونیی دیکەوە دەناڵێنێت.
بەهۆی سەختیی ژیان لەو ژینگە و خانووە بچووکەدا، ماڵباتەکە داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کردبوو کە شوێنێکی گەورەتریان بۆ دابین بکرێت، بەڵام دادگای کارگێڕیی ئۆکسفۆرد داواکارییەکەیانی رەتکردەوە، بۆیە خێزانەکە پەنایان بۆ دادگەی باڵا بردووە.
رووداو زانیویەتی لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە پێشتر لە دەرەوەی شاری ئۆکسفۆرد خانووی دیکە وەک جێگرەوە بەو خێزانە پێشنیاز کراوە، بەڵام خێزانەکە رەتیانکردووەتەوە. ئەوان پێداگیرییان لەسەر مانەوە لە نێو شاری ئۆکسفۆرد کردووە، بەو پاساوەی کە منداڵەکەیان و دایکەکە لەو شارە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و نایانەوێت پچڕان لە پرۆسەی چارەسەرەکانیاندا دروست بێت.
دوای ئەوەی پێشتر دادگای کارگێڕیی ئۆکسفۆرد سکاڵای خێزانەکەی رەتکردبووەوە، لەم هەفتەیەدا دادگای باڵاش سەرلەنوێ تانەکەیانی رەتکردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو دادوەری دۆسیەکە لە حوکمی کۆتاییدا رایگەیاندووە، گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون و بوونی مەترسیی دواکەوتنی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە ناوچەیەکی نوێدا، پاساوێکی یاسایی و بەهێز نییە بۆ ئەوەی خێزانەکە پێداگیری لەسەر وەرگرتنی خانوویەکی گەورەتر لەنێو خودی شاری ئۆکسفۆرددا بکەن.



