رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی بەرلین بڕیاریدا پەرلەمانتارێکی کوردی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە تۆمەتی "ساختەکردنی ناسنامە" بداتە دادگا. لە بەرامبەردا، نووسینگەی پەرلەمانتارەکە تۆمەتەکە بە تووندی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، رووداوەکە تەنیا گۆڕینەوەی رۆڵ بووە بۆ ڤیدیۆیەکی یوتیووب.
بەگوێرەی زانیارییەکان، (فەرات کۆچاک)، کە سیاسەتڤانێکی کوردە و یەکێکە لە داکۆکیکارانی مافی کورد و سەربە پارتی چەپی ئەڵمانیایە، لەلایەن داواکاری گشتیی شاری بەرلینەوە دۆسیەی بۆ کراوەتەوە. پۆلیس بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەکاتی سەردانێکدا بۆ پەرلەمان، کەسێک بە ناسنامەیەکی ساختەی فەرات کۆچاکەوە لەنێو باڵەخانەکەدا بینراوە.
گۆڕینەوەی رۆڵ بۆ یوتیووب
نووسینگەی فەرات کۆچاک لە روونکردنەوەیەکدا سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و وردەکاریی رووداوەکەی خستووەتەڕوو. بەگوێرەی روونکردنەوەکە، ئەو پەرلەمانتارە لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی یوتیووب بەرنامەیەکی هەیە، کە تێیدا بۆ ماوەیەک رۆڵ و پیشەی خۆی لەگەڵ کەسانی دیکە دەگۆڕێتەوە؛ بەجۆرێک کەسەکە دەبێتە پەرلەمانتار و فەراتیش کاری ئەو کەسە دەکات، بۆ ئەوەی هەریەکەیان ئەزموونی خۆیان لە رۆڵە نوێیەکەدا بخەنەڕوو.
چوونە پەرلەمانی حەیدۆ چاغلار
رووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ، کاتێک فەرات کۆچاک لە یەکێک لە ئەڵقەکانی بەرنامەکەیدا رۆڵی خۆی لەگەڵ (حەیدۆ چاغلار)، کەسایەتیی دیاری سۆشیاڵ میدیا و خاوەن دووکانی وردەواڵە (کیۆسکێک)ی ناسراوی فرۆشتنی کەرەستەی نانی بەیانی لە گەڕەکی نۆیکوێلنی بەرلین، دەگۆڕێتەوە.
ئۆفیسی پەرلەمانتارە کوردەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە حەیدۆ بە بانگهێشتی فەرمیی ئەوان چووەتە نێو پەرلەمانی ئەڵمانیا و لە کاتی چوونە ژوورەوەشدا، ناوی لە لیستی میوانەکانی پرسگەدا هەبووە.
خاڵی ناکۆکیی نێوان پۆلیس و نووسینگەی پەرلەمانتارەکە لەسەر جۆری ناسنامەکەیە. پۆلیس دەڵێت دوای چوونە نێو پەرلەمان، دەرکەوتووە کە حەیدۆ ناسنامەیەکی ساختەی بەناوی فەرات کۆچاکەوە پێبووە.
لە بەرامبەردا، ئۆفیسی فەرات کۆچاک دەڵێت ئەم تۆمەتە راست نییە؛ ئەو ناسنامەیەی کە باس دەکرێت شتێکی "سیمبۆلی" بووە تەنیا بۆ پێداویستیی ڤیدیۆکە دروستکراوە، تەنانەت رەنگەکەشی بە روونی جیاواز بووە لە رەنگی ناسنامەی فەرمیی پەرلەمانتاران. ئۆفیسەکە دەشڵێت، هەموو ئەو وردەکارییانە لە ڤیدیۆکەدا تۆمارکراون و دەسەلمێنن کە هیچ مەبەستێک بۆ ساختەکاری لە پشتەوە نەبووە.


