رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی ئەو ئاڵۆزی و پشێوییانە دەستپێکردووە کە لە خۆپێشاندانێکی کوردان دا لە شاری دۆرتمۆند روویاندا و لیستی ناوی ژمارەیەک تۆمەتباری ئامادە کردووە.
سەرەتای ئەم ساڵ بەهۆی خۆپێشاندانەکانی پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان، ئاڵۆزی لەنێوان لایەنگرانی لایەنە کوردییەکان و لایەنگرانی حکومەتی سووریا لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا دروستبوو، بەهۆیەوە 7 پۆلیس بریندار بوون و زیان بە چەند چێشتخانەیەکی سووری گەیشت. پۆلیسی شارەکەش رایگەیاندووە، لە لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن و دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ 30 کەس کردووەتەوە.
لوانا شێخمووس، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حەزمان دەکرد ئەم شتانە روونەدەن، بەتایبەت لە شاری دۆرتمۆند. گرنگە مرۆڤ هەمیشە داوای ئاشتی بکات و تووندوتیژی لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت، رەتبکرێتەوە."
شێخمووس ئاماژەی بەوەش کرد، "میدیا و سۆشیاڵ میدیای ئەڵمانیا زۆر باسی ئەم بابەتەیان کرد، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە زۆربەی کورد بە ئاشتییانە هاتبوونە سەر شەقام و تەنیا چەند حاڵەتێکی تاکەکەسی بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشەکە."
ئاڵان شێخمووس، چالاکوانێکی دیکەی کورد کە لە کاتی رووداوەکە لەوێ ئامادە بووە، بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، "هەندێک لایەن دەیانەوێت پشێوی دروستبکەن بۆ ئەوەی وێنەی کورد بە گشتی لە شاری دۆرتموند و لای حکومەتی ئەڵمانیا تێکبدەن. ئێمە وەک گەلی کورد بە نەورۆز و بۆنەکانمان ناسراوین کە هەمیشە بە ئاشتیانە دەردەکەوین و پۆلیسیش دەزانێت کە خۆپێشاندانەکانی ئێمە هەمیشە ئاشتیانە بوون و کێشەیان تێدا نییە."
داواکاری گشتیی شاری دۆرتمۆند و پۆلیسی شارەکە رایانگەیاندووە، ئامادە نین لەسەر بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان زانیاریی زیاتر بدەن، لە کاتێکدا خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکانی وەک لوانا و ئاڵان هیوادارن پەیامەکەیان بگات و چیدی ئاڵۆزی و تووندوتیژی دووبارە نەبێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)