رووداو دیجیتاڵ
کورتەفیلمی کوردیی "دەریای هیوا"ی دەرھێنەر جوبرائیل ئەبوبەکر رەحمان، خەڵاتی شووشەیی و رێزلێنانی باشترین ئەنیمەیشنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سەربەخۆیی NORGS لە شاری ئیسفەهانی ئێران بەدەست دەهێنێت.
جوبرائیل ئەبوبەکر، دەرھێنەری فیلمەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کورتەفیلمی دەریای هیوا لە نێوان دوو هەزار و 400 فیلمی بەشداربوو لە 82 وڵات، توانیویەتی بگاتە قۆناخی پێشبڕکێی کۆتایی، کە تەنیا 44 فیلم بۆ ئەم قۆناخە هەڵبژێردرابوون".
لەبارەی ناوەرۆکی فیلمەکە دەرهێنەر ئاماژەی بەوەدا کورتەفیلمەکە باس لە چیرۆکی ئەو مرۆڤانە دەکات کە لە ژێر سێبەری جەنگ، ئاوارەیی، ئازار و مەترسیدا، بەدوای ئاسایش، ئازادی و ژیانێکی باشتر دەگەڕێن؛ ئەوانەی بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی روونتر، ناچار دەبن رێگایەکی سەخت و هەندێک جار پڕمەترسی بگرنەبەر.
بە گوتەی دەرھێنەر، کورتەفیلمی دەریای هیوا تائێستا بەشداری لە 64 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمدا کردووە و توانیویەتی 7 خەڵاتی باشترین فیلم و 6 خەڵاتی تایبەتیی لێژنەی داوەری بەدەست بهێنێت.
بەشداریی دوایی کورتەفیلمەکە لە فێستیڤاڵی NORGS لە شاری ئیسفەهانی ئێران بووە، کە بە بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین کورتەفیلم کۆتایی بە بەشدارییەکەی هێناوە.
ئەم سەرکەوتنەش هەنگاوێکی دیکەیە بۆ ناساندنی سینەما و بەرهەمە سینەماییە کوردییەکان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا.



