رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی نێوداری کوردستان ناسر رەزازی رایدەگەیێنێت، 56 گۆرانیی نوێی ئامادەیە بۆ بڵاوکردنەوە، کە چوار ئەلبووم لەخۆدەگرن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی دارایی و سپۆنسەرەوە ناتوانێت بڵاویان بکاتەوە.
ناسر رەزازی، لە لێدوانێکدا بۆ نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمی زۆری هەیە، بەڵام گلەیی لە نەبوونی پاڵپشتی هەیە و گوتی: "خەڵک وا دەزانن بەرهەمم نییە، بەڵام من بەرهەمم هەیە و سپۆنسەرم نییە؛ چوار ئەلبوومی نوێم ئامادەیە، بەڵام دووانیان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی داراییەوە بڵاونەکراونەتەوە. کەس شک نابەم و سەریش بۆ کەس دانانەوێنم، مەگەر خۆم لە رێگەی کۆنسێرت یان بە هەر جۆرێک بێت خەرجییەکەیان دابین بکەم."
ناسر رەزازی ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 10 گۆرانیی نوێی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە گۆرانییەک بۆ "کرماشان" و گۆرانییەکی دیکە بە زاراوەی کەڵهوڕی، بەڵام بەهۆی کێشەی مافی لەبەرگرتنەوە (کۆپیڕایت) بەرفراوان نەبینراون.
ئەو هونەرمەندە باسی لە نوێترین بەرهەمی کرد کە تایبەتە بە شاری سلێمانی و گوتی: "گۆرانییەکم بۆ شاری سلێمانی گوتووە کە تێیدا هەردوو شێوەزاری بابانی و ئەردەڵانیم ئاوێتەی یەکدی کردووە، هیوادارم لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا بڵاوی بکەمەوە."
ناسر رەزازی رەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت سەبارەت بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی بەسەر هونەرمەنداندا و گوتی: "دوو ساڵە پارەیەکی کەم وەک هاوکاری دەدەنە گۆرانیبێژەکان، بەڵام بە منیان نەداوە، سەرەڕای ئەوەی هەردوو وەزیرەکەش واژۆیان کردبوو؛ نازانم لەبەر ئەوەیە من کوردی رۆژهەڵاتم یان هۆکارێکی دیکەیە."
ناسر رەزازی لە ساڵی 1955 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 14 ساڵییەوە بە گۆرانیی "دەسماڵێ و دەسماڵێ" چووەتە سەر شانۆ و زیاتر لە نیو سەدەیە لە رێگەی گۆرانیی نیشتمانی، شۆڕشگێڕی، فۆلکلۆر و ئەڤیندارییەوە خزمەت بە مۆسیقا و هونەری کوردی دەکات.
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)