رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی (بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت)،
بەرهەمی دەرهێنەری ناوداری کورد هەڵکەوت مستەفا، بڕیارە رۆژی 19ی ئۆکتۆبەر لە فێستیڤاڵی
ئەلگۆنای میسر، لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی نمایش
بکرێت.
ئەم بەرهەمە کە نوێنەری فەرمیی عێراقە بۆ خەڵاتی
ئۆسکار، پێشتر یەکەم نمایشی نێودەوڵەتیی لە فێستیڤاڵی ڤینیس کراوە و ئێستا لە سینەماکانی
هەرێمی کوردستاندا نمایش دەکرێت.
فێستیڤاڵی ئەلگۆنا ناوی ئەو فیلمانەی بڵاو
کردووەتەوە کە لە هۆڵی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە نمایش دەکرێن؛ بڕیارە ئێوارەی 19ی ئۆکتۆبەر،
رێوڕەسمی فەرشی سوور بۆ فیلمی (بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت) ئەنجام بدرێت، کە
چیرۆکی کچە پێشمەرگەیەک دەگێڕێتەوە کە رەتی دەکاتەوە لەبەردەم تاریکیدا سەر دابنەوێنێت.
هەڵکەوت مستەفا رایدەگەیێنێت، لە 22ی ئۆکتۆبەرەوە
فیلمەکە لە سینەماکانی وڵاتانی عەرەبیدا نمایش دەکرێت. ئەو گوتی: "زۆر خۆشحاڵم
کە بینەرانی عەرەب ئاشنا دەبن بە چیرۆکی ئازایەتیی ژنە پێشمەرگەیەک کە خاتوو ئاڤان
جەمال رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕێت."
فیلمەکە، چیرۆکی کچە پێشمەرگەیەک دەگێڕێتەوە کە
بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، بە نهێنی دەچێتە ناو داعش. وێنەیەکی شیعریی ژنێکی
پێشمەرگە پێشکێش دەکات؛ هەڵکەوت مستەفا بۆ نووسینی ئەم بەرهەمە، دیداری لەگەڵ ژمارەیەک
ژنە پێشمەرگە ئەنجام داوە کە دژی داعش جەنگاون.
بەرهەمی پێشووی ئەم دەرهێنەرە، فیلمی دۆکیومێنتاریی
(شاردنەوەی سەدام حوسێن) بوو، کە لە بۆکس ئۆفیسدا بووە پڕبینەرترین فیلمی دۆکیومێنتاری
لە مێژووی سینەمای عەرەبیدا.
هەڵکەوت مستەفا خەڵکی باشووری کوردستانە و لە نەرویج
نیشتەجێیە. لە ساڵی 2016دا بە فیلمی سینەمایی (کلاسیکۆ) ناوبانگێکی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا،
کە لە زیاتر لە 56 وڵاتدا نمایش کرا و چەندین خەڵاتی بردەوە.
ئێستا بەم کارە نوێیەی گەیشتووەتە لووتکەی فێستیڤاڵە
جیهانییەکان و چیدیکە سینەمای کوردی لە ناوەندە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکاندا نامۆ نییە.


