رووداو دیجیتاڵ
فەتحی کەریم، هونەرمەند و دەرهێنەری کورد رایگەیاند، فیلمێکی نوێی بە ناوی "دەستم بگرە" ئامادە کردووە، کە باس لە کێشەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان دەکات و چاوی لە فێستیڤاڵە بەنێوبانگەکانی فیلمی کان و ڤینیسیایە.
فەتحی کەریم، رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ نالین حەسەن لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە وردەکاریی فیلمە نوێیەکەی کرد.
دەرهێنەر لەبارەی پەیامی فیلمەکەوە گوتی: "کاتێک کەسێک تووشی کێشەیەک دەبێت، پێویستی بە کەسێکە دەستی بگرێت. پەیامی ئێمە بۆ هەموو کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی بۆ گەنجان."
"دەبێت پشتگیریی قوربانییان بکەین"
دەرهێنەر فەتحی کەریم ئاماژەی بەوە کرد، فیلمەکە چیرۆکی کچێک دەگێڕێتەوە، کە رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی دەبێتەوە و گوتی: "کاتێک کەسێک رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی دەبێتەوە، بەداخەوە هەندێک جار کۆمەڵگە کاردانەوەی توندی هەیە کە دەگاتە کوشتن. پەیامی من ئەوەیە: بتوانین دەستی ئەو کەسانە بگرین کە بوونەتە قوربانی و پشتگیرییان بکەین."
فەتحی کەریم رایگەیاند، وێنەگرتنی فیلمەکە لە هەولێر و دەوروبەری 47 رۆژی خایاندووە و ئێستا لە قۆناخی کۆتایی مۆنتاژدایە.
"رووخساری نوێم بەکارهێناوە"
لەسەر کاستی فیلمەکە، فەتحی کەریم ئاشکرای کرد، کە هەموو ئەکتەر و تیمی تەکنیکی کوردن و خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن.
فەتحی کەریم گوتی: "ئەکتەری سەرەکی بارزان یونسە، بەڵام جگە لە سێ - چوار ئەکتەری دیار، ئەوانی دیکە هەموویان رووخساری نوێن. من بە ستایلی نیۆ-ریالیزم کار دەکەم و لەم ستایلەدا بەکارهێنانی رووخساری نوێ زۆر گرنگە."
"چاوم لە فێستیڤاڵەکانی کان و ڤینیسیایە"
دەرهێنەر ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکییان بەشداریکردنە لە فێستیڤاڵە جیهانییەکانی فیلم و بۆ دابەشکردنیش لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەورووپی لە گفتوگۆدان.
فەتحی کەریم، هیواکانی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: "ئەگەر بەختم هەبێت، چاوم لە فێستیڤاڵەکانی وەک کان و ڤینیسیایە. هەروەها لەبەر ئەوەی بابەتی فیلمەکە پەیوەندیی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، دەمەوێت بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلمی دوبەییشدا بکەم."
فیلمی "دەستم بگرە" بە زمانی کوردییە و ژێرنووس بۆ زمانی ئەو وڵاتانەی لێی نمایش دەکرێت، ئامادە دەکرێت.

