رووداو دیجیتاڵ لانا، کچە دیزاینەرێکی کوردی تەمەن 20 ساڵ، بە سەرنج و وردبینییەوە دوایین ئامادەکارییەکان بۆ نمایشکردنی دیزاینەکانی دەکات. دایکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و باوکی خەڵکی باکووری کوردستانە، بەڵام خۆی لە ئەڵمانیا لەدایک بووە و گەورە بووە. حەز و خولیای بۆ ژیانەوەی رەسەنایەتیی جلوبەرگی کوردی وای لێکرد، یەکەم دیزاینی خۆی لە هەولێر نمایش بکات. لانا سارا پیران، دیزاینەر، بە رووداوی گوت: "سەرەتا لە رێگەی ئینتەرنێتەوە چەند وێنەیەکی رەش و سپی خەڵکی کوردستانم بینی، جلوبەرگێکیان لەبەردابوو کە زۆر جیاواز بوو لەوەی ئێستا. ئەوە یەکەمجار بوو بیرمکردەوە بۆچی خەڵک ئێستا بەوجۆرە لەبەری ناکەن، بۆیە ئەم بیرۆکەیەم بۆ هات کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا ستایلی کۆنی کوردی بهێنمەوە". نمایشی جلوبەرگەکە بەناوی "دۆنادۆن" بەڕێوەچوو، کە 41 دیزاینی جیاوازی لەخۆگرتبوو. مەبەست لە نمایشەکە زیندووکردنەوەی هێما و نەریتی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان وەک ئامەد، ورمێ، سەقز، هەورامان، کۆبانێ و بارزان بوو بە شێوازێکی هاوچەرخ. ئەردەڵان سابیر، بەرگدرووە، دەڵێت: "یەکێک لەو جلانە مێژووەکەی بۆ 400 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و کەمیان هەیە هی کەمتر لە 100 ساڵ بێت. کە بینیم ئەوەندە خۆی ماندوو کردووە و پەرۆشی کارەکەیە، گوتم بەڵێ بۆی دەکەم. 17 دیزاینی پیاوان من کاری بەرگدروونم بۆ کردووە و خۆی زۆربەی دیزاینی سەر جلوبەرگی ژنانی بە دەست کردووە". سارۆ عەتا، یەکێک لە مۆدێلەکان، گوتی: "زۆر حەزم لە جلەکانمە، چونکە باس لە شەرڤانانی کۆبانێ دەکات". لانا، ماوەی 3 ساڵ کاری لەسەر ئەو دیزاینانە کردووە. رۆژهات ئامێدی، باوکی لانا، باس لەوە دەکات کە "لانا هەر لە منداڵییەوە حەزی بە کاری دیزاین بوو، لە سەرەتا بۆی زەحمەت بوو، بەڵام بەردەوام هەوڵی دا تاوەکو گەیشتە ئەم رۆژە". لانا، تازە خوێندنی قوتابخانەی تەواو کردووە و دەیەوێت لە زانکۆ لە بواری دەرهێنانی فیلمدا بخوێنێت و لەو رێگەیەوە زیاتر خزمەتی نەتەوەکەی بکات.
کولتوور 23-09-2026حکومەتی پاکستان: بە دڵنیابوونەوە لە لابردنی دیمەنە نەگونجاوەکان، فیلمی "جۆیلاند" نمایش دەکرێتەوە