رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 42 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی یڵماز گونەی، ئەکتەر و دەرهێنەری سینەمای کوردی و سیناریستی ناوداری جیهانی، لە فەرەنسا تێدەپەڕێت.
یڵماز گونەی، کە بە "پاشای ناشیرین" ناسراوە و خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانییە، لەنێویاندا خەڵاتی "چڵە خورمای زێڕین" لە فێستیڤاڵی کان، وەک ئەکتەر لە 114 فیلم، وەک دەرهێنەر لە 26 فیلم، وەک بەرهەمهێنەر لە 15 فیلم و وەک سیناریست لە 64 فیلمدا بەشداریی کردووە.
یڵماز گونەی، لە 9ی ئەیلوولی 1984 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆچی دواییکرد.
لە ساڵی 1982، یڵماز گونەی بە فیلمی "رێگا" (Yol) خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان بەدەستهێنا و جگە لە ناسنامەی وەک سیناریست و دەرهێنەر، سەرکەوتنی گەورەی وەک ئەکتەریش بەدەستهێنا.
گونەی، بە فیلمەکانی وەک "رێگا"، "مێگەڵ" و "بێهیواکان" لە یادەوەرییەکاندا ماوەتەوە. هەروەها کاری مۆنتاژی بۆ فیلمی "رێگا" کردووە کە لە ساڵی 1981 بەرهەمهێنراوە.
یڵماز گونەی، لە ساڵی 1937 لە باوکێکی خەڵکی سێوەرەک-ی رووها و دایکێکی خەڵکی ڤارتۆ-ی مووش لەدایکبووە. منداڵیی لە ئادانا بەسەر بردووە و بنەچەی دەگەڕێتەوە بۆ گوندی دێسمانی سەر بە سێوەرەک.
یڵماز گونەی، لە ساڵی 1959 بە فیلمەکانی "منداڵانی ئەم نیشتمانە" و "ئاڵا گەییک" لە دەرهێنانی عاتف یڵماز، دەستی بە کاری سینەمایی کرد.
گونەی، کە چیرۆکی بۆ گۆڤارەکانی وەک "ئاسۆ نوێیەکان" دەنووسی، بەهۆی یەکێک لە چیرۆکەکانییەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ کۆمۆنیزم" دادگایی کرا و لە ساڵی 1961 بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک زیندانی کرا.
دوای دەرچوونی لە زیندان، یڵماز گونەی درێژەی بە کارەکانی دا و لەو سەردەمەدا زیاتر فیلمی سەرکێشیی بەرهەمهێنا. لە فیلمەکانیدا باسی لە هەژاران و راپەڕینی هەژاران دەکرد. یەکێک لە کارە گرنگەکانی لەم بوارەدا، فیلمی "یاسای سنوورەکان" بوو کە لە نووسینی خۆی و دەرهێنانی لوتفی ئاکاد بوو.
ژیانی زیندان و ساڵانی هەڵاتن
یڵماز گونەی، لە ساڵی 1971 بە تۆمەتی حەشاردانی ماهیر چایان و هاوڕێکانی (داواکراوانی بەرەی چەپی کۆمۆنیزم)، سزای 2 ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنرا. لە ماوەی زیندانیدا، بیروبۆچوونەکانی لەبارەی سینەما و هونەر، لەگەڵ شیعر و چیرۆکەکانی، لە گۆڤاری "گونەی"دا بڵاوکردەوە کە لەو کاتەدا دەستی بە دەرکردنی کردبوو.
لە ساڵی 1974، یڵماز گونەی لە زیندان ئازاد کرا و هەر لەو ساڵەدا فیلمی "هاوڕێ"ی بەرهەمهێنا. دواتر لەکاتی وێنەگرتنی فیلمی "نیگەرانی"، بە تۆمەتی کوشتنی دادوەر سەفا موتڵو لە قەزای یومورتالیک دەستگیرکرا و دوای دادگاییکردنی، لە 13ی تەممووزی 1976، سزای 19 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
دوای پێنج ساڵ مانەوە لە زیندان، لە 9ی تشرینی یەکەمی 1981، لەکاتی وەرگرتنی مۆڵەت لە زیندانی نیمچەکراوەی ئیسپارتا، بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵات. یڵماز گونەی رووی لە فەرەنسا کرد و ژیانی لەوێ بەسەر برد.
لە 26ی تشرینی یەکەمی 1982، رەگەزنامەی تورکیای لێسەندرایەوە.
لە کاتی زیندانیشدا، پەیوەندیی لەگەڵ سینەمادا بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا سیناریۆی فیلمەکانی "مێگەڵ" و "رێگا"ی نووسی کە لەلایەن زەکی ئۆکتەن و شەریف گۆرەنەوە دەرهێنران.
دوای هەڵاتنی، کاری مۆنتاژی بۆ فیلمی "رێگا" کردەوە و خەڵاتی لە فێستیڤاڵی کان بەدەستهێنا. دوای چوونی بۆ ئەورووپا، لە فەرەنسا فیلمی "دیوار"ی بەرهەمهێنا، کە باسی لە راپەڕینێکی ناو بەندیخانەیەک دەکرد و بووە دوایین فیلمی.
یڵماز گونەی، ساڵانی کۆتایی ژیانی لە پاریس بەسەر برد و بەهۆی شێرپەنجەی گەدەوە، لە 9ی ئەیلوولی 1984 کۆچی دوایی کرد. گۆڕەکەی لە گۆڕستانی پێر لاشێز (Père Lachaise) لە پاریسە.
وتارە مێژووییەکەی نەورۆزی 1984: سەردەکەوین، هەر دەبێت سەربکەوین
یڵماز گونەی، بە وتارە کاریگەرەکەی کە لە ساڵی 1984 لە ئاهەنگی نەورۆزی پاریس پێشکێشی کرد، لە یادەوەریی گەلی کورددا مایەوە:
"ئێمە نامانەوێت منداڵی وڵاتێکی داگیرکراو بین، بەڵکو دەمانەوێت ببینە منداڵی وڵاتێکی کوردیی سەربەخۆ، یەکگرتوو و ئازاد، منداڵی کوردستان. ئێمە دەمانەوێت لەسەر خاکی خۆمان، بە زمانی خۆمان، گۆرانیی ئەوین و ئازادی بڵێین. ئێمە دەمانەوێت جیهانی خۆمان، خاکی خۆمان، بە دەستی خۆمان بکێلین و سەرلەنوێ دایبمەزرێنین. ئێمە دەمانەوێت لە وڵاتی خۆمان، لەژێر ئاڵای خۆماندا، ئازاد و سەربەخۆ بژین. سەردەکەوین، هەر دەبێت سەربکەوین."

