رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی 80 ساڵ بەسەر یەکەم دەرکەوتنی ناوی "پێشمەرگە" لە کۆماری کوردستان، ئێستا چیرۆکی ژنە پێشمەرگەیەک لەسەر شاشەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس بینەرانی جیهانی سەرسام کردووە. فیلمی "بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، بووەتە باسی گەرمی سینەماکاران و رەخنەگران لە ئیتاڵیا.
لەنێو هۆڵی نمایشدا، بینەران بە وردی و پەرۆشییەوە سەیری ئازایەتیی ژنانی پێشمەرگەیان دەکرد. کۆنسۆلی مارکۆ، رۆژنامەڤانێکی پسپۆڕی سینەمایە و لەبارەی فیلمەکە بە رووداوی راگەیاند: "چیرۆکەکە هێندە بەهێزە وەک کارێکی گەورەی هۆڵیوود دەردەکەوێت. پێشتر لەسەر پێشمەرگە خوێندوومەتەوە، بەڵام بینینی ئەم هەموو ئازایەتییەی ژنان لە نێو شەڕدا، دڵتەنگی و سەرسامییەکی زۆری لای من دروست کرد."
ئیمێڵدا فێلیز، ئەکتەری ناوداری ئیتاڵی، فیلمەکە بە "نایاب" وەسف دەکات و دەڵێت: "فیلمێکی زۆر باشە و چیرۆکێکی گەورەی بۆ هەموو ژنانی جیهان تێدایە. بە راستی خەمبار بووم بەو ئازارانەی کە پێشمەرگە چەشتوویەتی."
ئازایەتییەک بۆ ئازادیی هەمووان بۆ گەنجانی ئەوروپی، فیلمەکە دەروازەیەک بوو بۆ ناسینی مێژووی کورد. سۆماکال ئالیسیۆ، قوتابییەکی ئامادەبوو لە فێستیڤاڵەکە، گوتی: "هیچم لەسەر ئەم چیرۆکە نەدەزانی، بەڵام بینینی ژنێکی ئازا کە بۆ ئازادیی هەمووان شەڕ دەکات، زۆر چێژبەخش بوو؛ سەرەڕای ئەوەی درەنگی شەو نمایش کرا، بەڵام نەمتوانی چاو لە یەک دیمەنیش هەڵگرم."
هانا لایونێن، کە خەریکی کڕین و فرۆشتنی فیلمە، بە کاریگەریی فیلمەکەوە گوتی: "ناتوانم قسە بکەم هێندە بەهێز بوو. پەیامێکی گەورەی تێدایە؛ چۆن لە جیهانی ئەمڕۆدا دەبێت بۆ ئازادی تێبکۆشیت."
رەخنەگرێکی سینەمایی: کوردستان قەدری نەگیراوە باتاگلیا گیۆڤانی، رەخنەگری سینەمایی، لایەنە سیاسی و مرۆییەکەی فیلمەکەی بەلاوە گرنگ بوو. ئەو دەڵێت: "نواندن و سکریپتەکە زۆر بەهێز بوون، بەڵام فیلمەکە وای لێکردم بیر لەوە بکەمەوە کە چەند چیرۆکی پێشمەرگە دڵتەزێنە. هەمیشە وڵاتان بەکاریان هێناون بۆ شەڕکردن، بەڵام لە کۆتاییدا وەک پێویست قەدری کوردستان نەگیراوە."
راستییەکانی فیلمەکە لە ڤێنس:
- ناونیشان: بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت.
- دەرهێنەر: هەڵکەوت مستەفا.
- بابەت: ئازایەتیی ژنانی پێشمەرگە دژ بە داعش.
- شوێنی نمایش: خولی 83ـەمینی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس.
ئەم پێشوازییە گەرمەی سینەماکارانی جیهان لە فیلمێکی کوردی، نیشانەی ئەوەیە کە چیرۆکی پێشمەرگە تەنیا بابەتێکی لۆکاڵی نییە، بەڵکو زمانێکی جیهانییە کە دەتوانێت ویژدانی بینەران لە هەر شوێنێکی ئەم زەوییە بن ب هەژێنێت.


