فیلمی (بەهەشت نابینی، ئەگەر ژن
بتکوژێ) لە فێستیڤاڵی فیلمی (ڤێنس) نمایشکرا
رووداو دیجیتاڵ
ڤێنیس،
ئیتاڵیا - کاست و دەرهێنەری فیلمی کوردی (بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت) لەسەر فەرشی
سووری فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس ئامادەبوون، کە یەکێکە لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی
فیلم لە جیهاندا.
جلوبەرگی
کوردی و قژی کچانی کورد لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە دەدرەوشانەوە و لەکاتی
رێوڕەسمەکەشدا، گۆرانیی (روومەتی وەک گوڵی
بێگەرد) بە دەنگی هونەرمەند کیژان ئیبراهیم خەیات، لە بڵندگۆکانی فێستیڤاڵ
لێدەدرا.
هەڵکەوت
مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە رایگەیاند: "پێموایە ئەم بەرهەمە یەکێک دەبێت لە
10 کاریگەرترین بەرهەمەکانی ئەم ساڵ لە هەموو جیهان. هەموو دنیا چاوەڕێی بینینی
ئەم فیلمە دەکات."
دوای
رێوڕەسمی فەرشی سوور، ئامادەبووان بۆ یەکەمین نمایشی جیهانیی فیلمەکە لە هۆڵی
سەرەکیی فێستیڤاڵ، سالا گراندێ، نۆرەیان گرتبوو.
ئەلبێرتۆ
باربێرا، بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیس، سەرسامیی خۆی بە فیلمەکە
نیشاندا و گوتی: "زۆر سەرسام بووین بە فیلمەکە، چاوەڕێی فیلمێکی ئاوا بەهێز و
ناوازەمان نەدەکرد دەربارەی ئەم شەڕە و رۆڵی پێشمەرگە و خەڵکی کورد دژ بە داعش.
بۆیە زۆر گرنگە ئەم فیلمە نیشان بدرێت و پاڵپشتیی بکەین."
رێزان
حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، ئامادەبوونی فیلمەکەی بە
"رۆژێکی مێژوویی" بۆ کورد وەسفکرد و گوتی: "ئەو فیلمە کارێکە بە چەندین ساڵ کراوە، بەڵام بۆ ساڵانێکی دیکە دەنگدەداتەوە.
هیوادارم بگاتە خەڵاتی ئۆسکار.."
فیلمی (بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت) فیلمێکی
ئاکشنە و ماوەکەی 110 خولەکە. هەر لەنێو فێستیڤاڵی ڤێنیسدا، فیلمەکە وەک بەربژێری
فەرمیی عێراق بۆ خەڵاتی ئۆسکاری ئەم ساڵ ناسێندرا.
فیلمەکە باس لە کچە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست دەکات کە بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، بە نهێنی دزە دەکاتە نێو رێکخراوی داعش و رەتی دەکاتەوە لەبەردەم تاریکیدا سەردانەوێنێت. هەڵکەوت مستەفا دەڵێ، ئامانجی سەرەکیی "راکێشانی سەرنجی جیهان بووە بۆ قارەمانێتیی ژنی کورد."
دەرهێنەرەکە کە پێشتر بە فیلمەکانی (کلاسیکۆ) و دۆکیومێنتاریی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) ناوبانگی دەرکردووە، ئاماژە بەوە دەکات، زۆر دڵخۆشە بە هەڵبژاردنی فیلمەکەی لەلایەن عێراقەوە و هیوادارە هەڵمەتێکی باشی بۆ بکرێت لە ئەمریکا.
بڕیارە رۆژی 22ـی ئەیلوولی 2026، ئەم بەرهەمە کە بە هاوبەشی لە نێوان کۆمپانیاکانی (هێنێ فیلم)ـی نەرویجی، (لا میدیا) لە هەرێمی کوردستان و (چیمنی پۆت)ـی سوێدی بەرهەمهێنراوە، لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش بکرێت.


