روودوا دیجیتاڵ
گەورەشارەوانیی ئامەد لە باکووری کوردستان، دەرگای ناونووسینی بۆ خولەکانی فێربوونی زمانی کوردی، بە زاراوەکانی کورمانجی، کرمانجکی(زازاکی) و سۆرانی و زمانەکانی ئەرمەنی و سریانی کردەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و پەرەپێدانی زمان، کە سەر بە فەرمانگەی کاروباری کولتووری و هونەری لە گەورەشارەوانیی ئامەد، سەرپەرشتی ئەم خولانە دەکات. ئامانج لە کردنەوەی ئەم خولانە، پاراستنی میراتی زمانیی ناوچەکە و برەودانە بە فرەچەشنیی کولتووری.
بەپێی بەرنامەی گەورەشارەوانیی ئامەد، ئاستەکانی فێربوون بۆ هەر زمان و زاراوەیەک بەم شێوەیە دیاریکراوە:
• کورمانجی و زازاکی: سێ ئاستی جیاواز (A1, A2, B1)
• سۆرانی و سریانی: تەنیا بۆ ئاستی سەرەتایی (A1)
• ئەرمەنی: سێ ئاستی جیاواز (A1, A2, B1)
کاتی ناونووسین و شێوازی پێشکێشکردن
ئەو کەسانەی ئارەزووی بەشداریکردن لەم خولانەدا دەکەن، دەتوانن لە نێوان 1 تاوەکو 14ی ئەیلوول، لە رێگەی پلاتفۆرمی "دیسمەک" (DİSMEK) کە بە گەورەشارەوانیی ئامەدە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
ناونووسین تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین دەبێت لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمییەوە: dismek.diyarbakir.bel.tr


