رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە بەغدا بە بەشداری زیاتر لە 600 وەشانخانە دەکرێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق دەڵێت، دەزگای رۆشنبیریی کوردی لە پێشانگاکەدا بەشدارە.
موزهر ئالووسی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی چوارشەممە بە سەرپەرشتیی عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سەدا ئەلعاریف، 27ـەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی بەغدا ساز دەکات، بە بەشداری زیاتر لە 600 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 28 وڵاتەوە."
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق، "ئەمە یەکەمجارە ئەم ژمارەیە بەشداری دەکەن، کە 17یان وڵاتانی کۆمکاری عەرەبین و 11ـیان رۆژئاوایین، لەوانە ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپی، هەروەها چین، ئێران و تورکیا. دەزگای رۆشنبیریی کوردی لە چوارچێوەی وەزارەتی رۆشنبیریی شوێنی بۆ دیاریکراوە، کە ئەم ساڵ لە رووی رووبەر و شوێنەوە جیاواز بووە".
پێشانگەکە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی مانگی ئەیلوول دەکرێتەوە و 11 رۆژ بەردەوام دەبێت.
وەکو موزهر ئالووسی باسی دەکات، پێشانگەکە چەندین چالاکیی رۆشنبیریی جۆراوجۆر و میوانداریکردنی کەسایەتی و ئەستێرەی رۆشنبیری بەخۆیەوە دەبینێت. وەزارەت بایەخ بە دووبارە بەڕێوەبردن و نەخشەکێشانی دیمەنی رۆشنبیری و دروستکردنی رۆشنبیرییەک دەدات کە شایستەی عێراق بێت، کە نیشتمانی یەکەم پیتە.
هەروەها پێشانگەکە لەم خولەدا میوانداریی ژمارەیەک وەزیر دەکات بۆ خستنەڕووی پلانی وەزارەتەکانیان. هەروەها پێشانگەکە ناونیشانی زۆر و جیاواز لەخۆدەگرێت، لە کتێبی منداڵان و خێزانەوە تاوەکو توێژینەوە و کتێبی زانستی، ئەدەبی، ئایینی و بوارەکانی دیکە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، کۆمپانیای گشتیی پێشانگە و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانی عێراق، ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی عەرەبی، بیانی و ناوخۆیی، لەگەڵ ئامادەکردنی شوێن لە پێشانگە و خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ پێشوازیکردن لە هاووڵاتییان و ئەوانەی گرنگی بە بواری رۆشنبیری دەدەن.
هەروەها گوتی، پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ کتێب، کە لەلایەن کۆمپانیای (سەدا ئەلعاریف)ـەوە رێکدەخرێت، رووداوێکی کولتووریی گرنگە و رەنگدانەوەی پێگەی شارستانی و رۆشنبیریی بەغدایە و بەشداری دەکات لە پەرەپێدانی خوێندنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری، لەگەڵ دابینکردنی رووبەرێکی فراوان بۆ پەیوەندی لەنێوان دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، نووسەران، رۆشنبیران و خەڵکدا.


