رووداو دیجیتاڵ
پیشاندانی فیلمی (ماڵی نەنە) لە سینەماکانی باشووری کوردستان بەردەوامە. بەرهەمهێنەرەکەی دەڵێ، لە دوو رۆژدا بینەرەکانی چوار هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
باهۆز نەسرەدین، بەرهەمهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە)، ئەمڕۆ شەممە 29ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ فیلمەکە لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکووک و کەلار زیاتر لە 2 هەزار و 300 بینەری هەبووە. رۆژی پێشتریش نزیکەی دوو هەزار بینەری هەبووە".
جگە لە رۆژی یەکەم و رێوڕەسمی دەستپێکردنی فیلمەکە لە 26ی ئاب لە سلێمانی، دوو رۆژە پێشاندانی فیلمی سینەمایی (ماڵی نەنە) لە سینەماکانی باشووری کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆ پێشاندانی فیلمەکە لە کاژێر 01:30ـی نێوەڕۆ تاوەکو 12ی شەو بەردەوام دەبێ.
رۆژانە لە ئێمپایەر سینەما لە هەولێر، سیتی سینەما لە سلێمانی، سیتی سینەما لە کەرکووک، سینەما ماکس لە دهۆک و سینەما ئاران لە کەلار فیلمەکە پێشان دەدرێ و لە هەمان شوێن بلیت دەستدەکەوێ.
بەرهەمهێنەری فیلمەکە دەڵێ، تێچووی بەرهەمەکە 200 هەزار دۆلار بووە و لە رووی دەروونییەوە رێکارە پێویستەکان گیراونەتە بەر تاوەکو بۆ منداڵان گونجاو بێت.
یەکێک لە خاڵە جیاوازەکانی ئەم فیلمە، رەچاوکردنی لایەنی دەروونیی بینەرە. بەرهەمهێنەری فیلمەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی دیالۆگ و رەفتارەکان، تیمی فیلمەکە پشتیان بە راوێژکاری دەروونی بەستووە.
سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن ساوان خالیدەوە نووسراوە و شوان کەریم و محەممەد مستەفای دەرهێنەر پێداچوونەوەیان بۆ کردووە، هەروەها لەلایەن دکتۆر محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونییەوە خوێندراوەتەوە تاوەکو دڵنیابن لەوەی هیچ لێکەوتەیەکی دەروونیی نەرێنی بۆ منداڵ و خێزانەکان نابێت.
فیلمی (ماڵی نەنە) لە دەرهێنانی محەممەد مستەفایە و حەوتەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆدەکشن)ـە. بڕیارە رۆژانە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک و کەلار نمایش بکرێت.
چوارشەممە 26ی ئاب، لە سیتی سینەمای شاری سلێمانی فەرشی سوور بۆ یەکەمین نمایشی فیلمی کۆمێدی و خێزانیی (ماڵی نەنە) راخرا. ئەکتەرانی سەرەکی و تەواوی ستافی پشت کامێرا، لە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرەوە تاوەکو تیمی ماکیاژ و دیکۆر، بەسەر فەرشی سووردا رۆیشتن و وردەکاریی ئەو بەرهەمەیان بۆ بینەران خستەڕوو، دواتر نمایش دەستیپێکرد.



