رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە گۆرانییەکانی هونەرمەندی ناوداری ئەمریکی، تایلۆر سویفت، لەو ڤیدیۆیانە سڕدرانەوە کە لەلایەن کۆشکی سپی و کەمپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپەوە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرابوونەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، لە هەفتەی رابردوودا ئیدارەی ترەمپ دوو گۆرانیی ئەو ئەستێرەیەیان بەکارهێنابوو. تاوەکو ئێستا نە کۆشکی سپی و نە نوێنەرانی تایلۆر سویفت هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر هۆکاری سڕینەوەی گۆرانییەکان نەداوە.
ململانێی مێژوویی نێوان سویفت و ترەمپ
تایلۆر سویفت کە لە ساڵی 2024دا پشتگیریی خۆی بۆ کامالا هاریس، رکابەری دیموکراتی ترەمپ راگەیاندبوو، مێژوویەکی درێژی لە دژایەتیکردنی ترەمپ هەیە. لە ساڵی 2022دا سویفت لە پۆستێکدا نووسیبووی ترەمپ "باش دەزانێت ئێمە ئەومان وەک سەرۆک ناوێت."
لە بەرامبەردا، ترەمپ چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر سویفت. دوای ئەوەی سویفت پشتگیریی هاریسی کرد، ترەمپ لە سۆشیاڵ میدیا نووسی: "رقم لە تایلۆر سویفتە!". تەنانەت پار بە گاڵتەجاڕییەوە نووسیبووی: "کەس هەستی پێکردووە لەو کاتەوەی وتوومە رقم لێیەتی، ئیتر سویفت 'سەرنجڕاکێش' نەماوە؟"
گۆرانییەکان چۆن بۆ مەرامی سیاسی بەکارهێنران؟
کەمپەینی ترەمپ لە هەفتەی رابردوودا لەسەر لاپەڕەی تیکتۆکی خۆی، دوو گۆرانیی سویفتی بەکارهێنا و دەستکاریی نازناوی گۆرانییەکانی کردبوو بۆ هێرشکردنە سەر نەیارانی.
بۆ نموونە:
- گۆرانی "رێد (Red)"ی کردبووە "وەشانی دۆناڵد ترەمپ" و ئاماژەی بەوە کردبوو کە سویفت ئەلبوومێکی تەواوی لەسەر کۆمارییەکان نووسیوە.
- گۆرانی هەموو شتێک گۆڕاوە ((Everything Has Changedی بۆ باسی بارودۆخی سنوورەکانی باشووری ئەمریکا بەکارهێنابوو.
- گۆرانی ئێمە هەرگیز ناگەڕێینەوە لای یەکدی ((We Are Never Ever Getting Back Togetherی بۆ ئاماژەدان بەوەی کە هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ ئیدارەی بایدن-هاریس بەکارهێنابوو.
جگە لەمانە، لە مانگی حوزەیراندا ڤیدیۆیەکی ترەمپ بڵاوکرایەوە تێیدا گۆرانییەکی نوێی سویفت بەکارهاتبوو و، ترەمپ لە کاتی چاوپێکەوتنی منداڵان و ئامادەبوون لە یارییەکانی ململانێی ئازاد نیشان دەدرا.
هەروەها لە مانگی نیسان و تشرینی دووەمی پاریشدا، کۆشکی سپی گۆرانییەکانی سویفتی بۆ ڤیدیۆی جیاواز بەکارهێنابوو، لەنێویاندا ڤیدیۆیەک کە وێنەی دەستگیرکردنەکەی ساڵی 2023ی ترەمپی تێدابوو.
هونەرمەندان دژی بەکارهێنانی بەرهەمەکانیانن
تایلۆر سویفت تەنیا نییە؛ دەیان هونەرمەندی دیکەی وەک سەبرینا کارپێنتەر و ئاریانا گراندا داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردووە گۆرانییەکانیان بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێنن.
گوتەبێژێکی کۆشکی سپی پێشتر رایگەیاندبوو، ئەوان ئەم ڤیدیۆیانە بە مەبەست دروست دەکەن، چونکە دەزانن دەزگا میدیاییەکان بە خێرایی بڵاویان دەکەنەوە و دەنگدانەوەی گەورەیان دەبێت. تیمی راگەیاندنی ترەمپ بەردەوام گۆرانییە ناودارەکان لەگەڵ دیمەنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران، دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و پرسەکانی کۆچبەران تێکەڵ دەکەن.



