رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند بەرزۆ ئیبراهیم، شیعرە بەنێوبانگەکەی فەرهاد پیرباڵ (فڕێم مەدە) دەکاتە گۆرانی و بڵاوی دەکاتەوە.
بەرزۆ ئیبراهیم، لەبارەی کارەکەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، دوو ساڵە دەستیکردووە بە دروستکردنی گۆرانی بە ژیریی دەستکرد و بە بەرنامەی ژیری دەستکردی Sunoی تایبەت بە گۆرانی و مۆسیقا، هۆنراوەکەی فەرهاد پیرباڵی کردووە بە گۆرانی.
بەرزۆ ئیبراهیم کە ئەندازیارە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و خولیای کاری هونەریشە، لەبارەی کارەکەیەوە زیاتر گوتی، "پێشتر کار لەسەر ئەو شیعرە کراوە، بەڵام بە دڵم نەبووە، تەنانەت دکتۆر فەرهاد خۆیشی کردوویەتی بە گۆرانی، بەڵام بە بڕوای من حەقی نەداوەتێ، بۆیە بە سێ رۆژ کارکردن توانیم گۆرانییەکە بەرهەم بهێنم."
لەبارەی شێوازی دروستکردنی گۆرانییەوە زیاتر گوتی: "بۆ دروستکردنی گۆرانی بەو بەرنامەیە، دەبێ دەنگی خۆت تۆمار بکەیت و شیعرەکە بە جوانی بە ئاواز بەبێ میوزیک بڵێیتەوە و داوای لێبکەیت مۆسیقات بۆ دابنێت، ئەویش دەیکات."
گوتیشی: "هەرچەندە قورگی من بۆ گۆرانی زۆر باش نییە، بەڵام ژیریی دەستکردەکە لێم تێدەگات و وەکو خۆی بۆم دروست دەکات."
بەرزۆ ئیبراهیم، ساڵی 1971 لە هەولێر لەدایکبووە، ساڵی 1995 لە زانکۆی سەلاحەدین بڕوانامەی ئەندازیاری شارستانی بەدەستهێناوە.
وەکو خۆی دەڵێت، زیاتر وەکو فۆتۆگرافەری سرووشت ناسراوە. دوو ساڵە کار لەسەر دروستکردنی گۆرانی و میوزیک دەکات بە ژیریی دەستکرد و لە سۆشیال میدیا بڵاویان دەکاتەوە.
پێشتر هۆنراوەی ئازا حەسیب قەرەداخی و سەرکەوت رەسوڵ و چەند شاعیرێکی دیکەی بە ژیریی دەستکرد کردووە بە گۆرانی.


.png&w=3840&q=75)
