رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەیەکی کەم لە کۆچی دوایی هونەرمەندی ناودار محەممەد عەباس بەهرام، نوێترین بەرهەمی هونەریی ئەو هونەرمەندە بەناوی "جیلوەی جوانی" بە کواڵیتییەکی بەرز بڵاوکرایەوە.
چیرۆکی بەرهەمەکە
چیرۆکی ئەم گۆرانییە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، کاتێک هونەرمەند محەممەد عەباس لە ستۆدیۆکانی "رووداو" میوان بوو. لەو دەرکەوتنەیدا، هونەرمەند بۆ یەکەمجار و بەشێوەیەکی زیندوو ئەم گۆرانییەی چڕی. ئێستا و دوای کۆچی دوایی، کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی هاوڕێی، ئەو تۆمارەیان کردووەتە بەرهەمێکی هونەریی تۆکمە و بە کواڵیتییەکی بەرز پێشکەشی گوێگرانیان کردووە.
ناسنامەی گۆرانییەکە
گۆرانیی "جیلوەی جوانی" لە ئاوازی خودی هونەرمەند محەممەد عەباس بەهرامە. هونەرمەند چالاک سدیق ئەرکی ئامادەکردن و دابەشکردنی میوزیکەکەی لەئەستۆگرتووە، کە تیپێکی میوزیک پێکهاتوو لە کۆمەڵێک میوزیکژەنی دیار و بەتوانا تێیدا بەشدارن.
محەممەد عەباس، کە یەکێک بوو لە دەنگە رەسەنەکانی گۆرانیی کوردی، لە ساڵی 1952 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە. ئەو تەنیا گۆرانیبێژ نەبوو، بەڵکو پیانۆژەنێکی شارەزا و خاوەن ستایلێکی تایبەت بوو. لە کاروانی هونەریی خۆیدا خاوەنی زیاتر لە 30 گۆرانییە، بەڵام گۆرانییەکانی "ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش" و "تووڕە مەبە" وەک ناسنامەی هونەریی ئەو لە مێشکی جەماوەردا ماونەتەوە.
ئەم هونەرمەندە دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە ساڵی 2025 لە وڵاتی ئوردن کۆچی دواییکرد.
.png&w=3840&q=75)

