رووداو دیجیتاڵ
خانمە گۆرانیبێژی گەنج، کوردستان بەدرخان، نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆی بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ و بە ناونیشانی "ڤیانا دوو دڵان" بڵاوکردەوە کە لە شاری ئیستەنبوڵ وێنەگیراوە.
کوردستان بەدرخان کە یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی کورد لە تاراوگە، لەم بەرهەمە نوێیەیدا بە ستایلێکی مۆدێرن و گەنجانە دەرکەوتووە. کلیپەکە لە کەشێکی رۆمانسی دا و لەنێو جوانییەکانی سرووشتدا بەرهەمهاتووە و ئاوازێکی شادی هەیە.
ئەو خانمە هونەرمەندە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گۆرانی (ڤیانا دوو دڵان) دەبێتە دەیەمین بەرهەمی هونەریی من کە پێشکەشی هەوادارانمی دەکەم."
کوردستان بەدرخان لە وڵاتی هۆڵەندا لەدایکبووە و گەورە بووە، بەڵام بنەچەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شاری زاخۆ. ئەو هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە رێگەی هونەرەکەیەوە دەیەوێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کولتوور و زمانی دایک بپارێزێت و برەو بە کارە هونەرییەکانی بدات.

