فیلمی سینەماییی (ژان)، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کوردیی بێرمینگهام لە بەریتانیا، دوو خەڵاتی سەرەکیی بەدەستهێنا کە بریتین لە خەڵاتەکانی باشترین سێناریۆ و باشترین ئەکتەری پیاو. بورهان ئەحمەدی، دەرهێنەری فیلمەکە بە تۆڕی میدیاییی رووداوی گوت، فیلمەکە لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی بێرمینگهام لە بەریتانیا، سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێناوە و دوو خەڵاتی وەرگرتووە. بە گوتەی دەرهێنەری فیلمەکە، خەڵاتەکان بریتین لە خەڵاتی باشترین سێناریۆ و باشترین ئەکتەری پیاو. ئەحمەدی ئاماژەی بەوەش کرد، "خەڵاتەکان لە شاری سلێمانییە و بەهۆی رێکارەکانەوە هێشتا بە فەرمی نەگەیشتوونەتە دەستمان." ماهیر حەسەن، ئەکتەری ناسراوی باشووری کوردستان، وەک ئەکتەری سەرەکی لە فیلمەکەدا رۆڵی گێڕاوە و توانیویەتی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستبهێنێت. هاوشانی ماهیر حەسەن، هەریەکە لە ئەکتەران شیما مەلایی، مائیدە فەزڵی، ئەفشین خدری، نیشتمان رەسووڵنەژاد، ئەکرەم محەممەدی و لەیلا بەیگی زادە، رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا دەگێڕن. فیلمی ژان، لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و بەرهەمهێنانی هاوبەشی ماهیر حەسەن و بورهان ئەحمەدییە. کارەکانی وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی فیلمەکە لە نێوان ساڵانی 2022 تاوەکو 2023 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە. ئەم فیلمە پێشتریش سەرکەوتنی دیکەی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان و نێوخۆی ئێران دا بەدەستهێناوە؛ لەوانەش بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی چیرۆکبێژ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تێسالۆنیکی لە یۆنان، لەگەڵ بەدەستهێنانی خەڵاتی یەڵماز گۆنای وەک باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن.