رووداو دیجیتاڵ
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆی بە ناونیشانی "چاوەڕوان" بڵاوکردەوە، کە تێیدا بۆ یەکەمجار تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) بۆ دروستکردنی دیمەنەکانی بەکارهێناوە.
بەرهەمە نوێیەکەی نەجمەدین غوڵامی لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمهاتووە. ئاواز و میلۆدیی گۆرانییەکە لەلایەن هونەرمەند خۆیەوە دانراوە و شەهرام خادیمی تێکستەکەی نووسیوە، هەروەها سەید لوتفی کاری دابەشکردنی میوزیک و ساهۆ کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە.
نەجمەدین غوڵامی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کلیپی ئەمجارەم لەگەڵ هەموو کارەکانی پێشووم جیاوازە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە لە کرماشان بەرهەمهاتووە و بە تەکنیکێکی نوێ کە ژیریی دەستکردە کاری بۆ کراوە، ئەمەش دەرگایەکی نوێ بە رووی کاری هونەریدا دەکاتەوە."
لەبارەی پەنابردن بۆ ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە، غوڵامی ئاماژەی بەوە کرد کە بیرۆکەکە بۆ دەرهێنەری کلیپەکە دەگەڕێتەوە و ئەویش پێی باش بووە، جگە لەوەی یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا کارەکە تەواو ببێت، بەتایبەت کە تەنیا دوو مانگ لەمەوبەر کلیپی "رۆنیا"ـی بڵاوکردبووەوە.


.png&w=3840&q=75)