رووداو دیجیتاڵ
تەیلەر سویفت، گۆرانیبێژی بەناوبانگی جیهانی و تراڤیس کێڵسی، یاریزانی ناسراوی تۆپی پێی ئەمریکی (NFL)، لە ئاهەنگێکی گەورە و پڕ نهێنیدا لە هۆڵی زەبەلاحی مادیسن سکوێر گاردن لە نیویۆرک ژیانی هاوژینییان پێکهێنا.
ئەوەی لە ئاهەنگەکەدا جێگەی سەرسوڕمان بوو، ئادەم ساندلەر، ئەکتەری کۆمیدیی بەناوبانگ بوو کە رێوڕەسمی مارەبڕینی بۆ کردن.
جلوبەرگ و وردەکارییەکان
• یاوەرەکان: لەبری ئەوەی دەستەیەک لە هاوڕێكانیان بکەنە یاوەری بووک و زاوا، ئۆستن سویفت (برای تەیلەر) و جەیسن کێڵسی (برای تراڤیس) رۆڵی شایەت و یاوەری سەرەکییان بۆ بووک و زاوا بینی.
• جلی بووک و زاوا: جلوبەرگەکانیان لەلایەن براندی بەناوبانگی کریستیان دیۆر و دیزاینەر جۆناسن ئەندەرسنەوە ئامادە کرابوو. پێڵاوەکانی تەیلەر تایبەت بۆ خۆی لەلایەن کریستیان لۆبووتینـەوە دروست کرابوون و خشڵەکانیشی هی براندی کارتیێ بوون.
میوانە زۆر گرنگەکانی (VIP)
ئاهەنگەکە پڕ بوو لە ئەستێرە درەوشاوەکانی هۆلیوود و وەرزشڤانان. لەنێو میوانەکاندا کەسایەتییەکانی وەک: برادلی کووپەر، هیو گرانت، ستیڤن سپیلبێرگ، کریس رۆک، جیجی حەدید، تۆم برەیدی و چەندین هاوڕێ و یاریزانی دیکەی ناسراو ئامادە بوون.
ئاهەنگێکی پڕ نهێنی
ئاهەنگەکە زۆر بە نهێنی بەڕێوەچوو و بردنەژوورەوەی مۆبایل و بڵاوکردنەوەی وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە میوانەکان قەدەخە کرابوو.
تەنیا دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکە، تابلۆیەکی گەورە لە دەرەوەی هۆڵەکە هەڵواسرا کە لەسەری نووسرابوو "JUST&T MARRIED" (کە یارییکردنە بە وشەی Just Married واتە تازە ژیانی هاوژینییان پێکهێنا، بە بەکارهێنانی دوو پیتی T کە هێمایە بۆ ناوی تەیلەر و تراڤیس).
چیرۆکی خۆشەویستییەکەیان
تەیلەر و تراڤیس، کە هەردووکیان تەمەنیان 36 ساڵە و بۆ هەردووکیان ئەمە یەکەمین جارە ژیانی هاوژینی پێکبێنن، لە ساڵی 2023ـەوە پەیوەندیی خۆشەویستییان دەستی پێکرد؛ ئەوەش دوای ئەوەی تراڤیس ئامادەی یەکێک لە کۆنسێرتەکانی تەیلەر بوو. لەو کاتەوە چیرۆکی خۆشەویستیی ئەم دوو ئەستێرەیە، یەکێکیان لە لووتکەی میوزیک و ئەوی دیکەیان لە لووتکەی وەرزش، بووەتە جێگەی سەرنجی ملیۆنان هەوادار لە سەرانسەری جیهاندا. لە دەرەوەی هۆڵی ئاهەنگەکەش، سەرەڕای گەرمایەکی زۆر، سەدان هەوادار کۆببوونەوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەو ساتە مێژووییە.
پێش ئەوەی شوو بە ترافیس بکات، تایلەر پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ لانیکەم 12 کەسی ئاشکرادا هەبووە: جۆو جۆناس، لووکاس تیڵ، تایلەر لۆنتەر، کۆری مۆنێتیس، جۆن مایەر، جەیک جیڵێنهاوڵ، کۆنەر کێنێدی، هاری ستایلز، کاڵڤن هاریس، تۆم هیدڵسن، جۆو ئاڵون و ماتی هیڵی.



